ئاسۆ فەرەیدوون: کازمی لە واشنتن نێوەندگیریی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا کرد
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی هاوپەیمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، ئەمریکا و ئێران پێش کۆتاییهاتنی دایەلۆگی ستراتیژی، لەسەر بارودۆخ و هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی عێراق رێککەوتوون و گوتیشی "تارانیش پشتیوانیی ئەو میلیشیایانە ناکات کە بەشداریی پرۆسەی سیاسیی عێراق ناکەن".
ئاسۆ فەرەیدوون، بەربژێری هاوپەیمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە بێستوون عوسمان پێشکێشکی دەکات، گوتی "ئەمریکا و ئێران پێش کۆتاییهاتنی دایەلۆگی ستراتیژی، لەسەر بارودۆخ و هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی عێراق رێککەوتوون و برێت مەکگۆرک، بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا "پێشنیازی کشاندنەوەی هێزی شەڕکەری ئەمریکای لە عێراقی بۆ ئێران کردووە، لە بەرامبەر وەستاندنی هێرشی میلیشیا نزیکەکان لە ئێران".
ئەو بەربژێرەی هاوپەیمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد "مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای بینینی مەکگۆرک، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ئیتڵاعات و لایەنێکی باڵا لە سوپای پاسداران کۆدەبێتەوە و پێشنیازەکە دەخاتەڕوو".
لەبارەی رۆڵی هەندێک لەو گرووپە چەکدارانە کە هێشتا هێرشیان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەوەستاندووە، ئاسۆ فەرەیدوون گوتی، بەپێی زانیارییە باوەڕپێکراوەکان "ئێران پشتیوانیی ئەو هێزانە ناکات کە کۆنتڕۆڵ ناکرێن و بەشداریی پرۆسەی سیاسیی عێراق ناکەن".
سەبارەت بە کشانەوەی رەوتی سەدر لە پرۆسەی هەڵبژاردنی عێراق، ئەو بەربژێرەی هاوپەیمانیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "رەوتی سەدر دووچاری قەیرانێکی نێوخۆیی بووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە وەزارەتەکانی کارەبا و تەندروستی لای سەدرییەکانە و گلەیی و گازندەی زۆریان هاتووەتەسەر".
ئاسۆ فەرەیدوون، پێشتر لە پشکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پارێزگاری سلێمانی بووە، بەڵام دوای دوو ساڵ و بەپێی رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی، دەستبەرداری پۆستەکە بوو بۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری ئێستای سلێمانی. ئێستاش لە هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی و گۆڕان کە ناوی "هاوپەیمانیی کوردستان"ە، لە بازنەی سلێمانی بەربژێر کراوە بۆ پەرلەمانی عێراق.