فەرمانى دەستبەکاربوون بۆ پێنج سەرۆک زانکۆ دەرچوو

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر فەرمانی دەستبەرکاربوونی پێنج سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکی ئەنجوومەنى کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان، کرد.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-8-2021 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرانى گشتى، فەرمانى دەستبەکاربوونى بۆ هەر هەریەک لە د. داود سلێمان ئەتروشى, سەرۆکى زانکۆى دهۆک، د. نوورەدین ئیسماعیل ئەڵڵا قولى، سەرۆکى زانکۆى پزیشکیى هەولێر، د. ئارى عادل عەبدولقادر، سەرۆکى زانکۆى پۆلەتەکنیکى دهۆک و د. ئاریانا خاڵس جەواد، سەرۆکى ئەنجوومەنى کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان، د. نازم سلێمان عەبدولعەزیز، سەرۆکى زانکۆى زاخۆ و د. شێروان شریف قرطاس، سەرۆکى زانکۆى سۆران دەرکرد.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا پرۆسەى دانان و دامەزراندنى سەرۆک زانکۆکان (دواى راگەیاندن و پێشکەشکردنى سى ڤى و ئەنجامدانى چاوپێکەوتن) بووە لەلایەن وەزارەت.
 
د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وێڕاى پیرۆزبایى گەرم و هیواى سەرکەوتن بۆ سەرۆک زانکۆ تازەکان، رۆڵى سەرۆک زانکۆکانى پێشووى لە چەند ساڵى رابردوى کارکردندا بەرزنرخاند.
 
وەزیرى خوێندنى باڵا گوتی: "لەپرۆسەى دانان و دەستنیشانکردنى سەرۆک زانکۆ تازەکان، یاسا و رێنماییەکان و پێوەرە زانستى و ئەکادیمییەکان بنەماى سەرەکى بوون و هەوڵماندا شەفاف و دادپەروەر بین".