عادل باخەوان: مەترسییەکی گەورە هەیە و عێراق لە لێواری شەڕدایە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق پێیوایە، ئەوەی دەیەوێت خۆپێشاندانەکانی بەغدا بهێنێتە هەرێمی کوردستان "یارییەکەی لێ تێکچووە." دەشڵێت، عێراق لە لێواری شەڕدایە. شرۆڤەکارێکی سیاسیش لەبارەی دۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دابەشبوونمان خاڵی هەرە لاوازمانە." 
 
لە سپەیسی رووداو لە تویتەر کە شەوی پێنجشەممە 4-8-2022 لەلایەن بڕوا کیانی پێشکێشکرا، گفتوگۆ کرا لەبارەی "خۆپێشاندانی بەغدا لە ھەرێمی کوردستان کۆپی دەکرێت؟" هەروەها باسی خۆپێشاندانەکان و دۆخی سیاسیی عێراق، رۆڵی ئەو لایەنانەی لە دۆخی سیاسیی عێراق کاریگەرییان هەیە و مەترسییەکانی دۆخەکە چییە؟ لەگەڵ چەند پرسێکی دیکە کرا. 
 
د. عادل باخەوان: ئێستا هادی عامری ناهێڵێت لە نێوان شیعەکان شەڕ رووبدات 
 
د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە سپەیسی رووداو باسی لە جیاوازی بۆچوونەکانی شیعە و سوننە و کورد، رۆڵی ئێران و تورکیا و وڵاتە هەرێمییەکان و وڵاتە جیهانییەکان لەسەر عێراق و هەروەها مەترسییەکانی داهاتووی سەر وڵاتەکە کرد. 
 
لەبارەی ئەوەی دۆخی عێراق چی لێدێت، د. عادل باخەوان پێیوایە، "مەترسییەکی گەورە" لەسەر عێراق روودانی جەنگە و لە ئەگەری روودانی جەنگدا عێراق نابێتەوە بە عێراقەکەی پێشووتر. 
 
د. عادل باخەوان باسی لەو لایەن و وڵاتانە کرد کە لەسەر هێڵن تاوەکو شەڕ روونەدات و دەڵێت، "چەندین وڵاتی زلهێزی جیهان لەسەر هێڵن لەگەڵ بەغدا و نەجەف تاوەکو ئەو جەنگە روونەدات." لەبارەی زیانەکانی جەنگەکەوە، باسی لەوە کرد، "روودانی جەنگەکە زیانی بۆ شیعە و سوننە و کورد دەبێت." 
 
بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق ئاماژەی بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد بەشێوەیەکی گشتی و بە "مەترسیدار" ناوی دەبات و دەڵێت، دۆخەکە "گڕی گرتووە." 
 
باسی لە بەشێکی گوتارەکەی موقتەدا سەدر کرد کە رۆژی چوارشەممە پێشکێشی کرد و گوتی، سەدر دەستپێشخەری بۆ شەڕ ناکات، نەک شەڕ ناکات، واتا سەدر لە ئێستادا سیستمی ئامادەییەکەی، ئامادەیە. 
 
لەبارەی ئەو کەس و لایەنانەی دۆخی عێراقیان بە ئارامی هێشتووەتەوە و رێگری لە پێکدادان دەکەن، د. عادل باخەوان ئەوەی خستەڕوو، "ئەوەی کە ناهێڵێت شەڕی نێو شیعەکان رووبدات مەرجەعییەکانی شیعەکان و ئێرانە، ئەمە لەسەر ئاستی دوورمەودا، بەڵام ئەوەی کە ئێستا ناهێڵێ شەڕ رووبدات هادی عامرییە." 
 
بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق پلە بەندییەکی بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد و گوتی، هەریەک لە حەیدەر عەبادی و عەممار حەکیم بەشێکن لەو سەرکردانەی کە ناتوانن ئاراستەی رووداوەکان بگۆڕن، بەڵام نووری مالیکی و قەیس خەزعەلی دەتوانن ئاراستەی رووداوەکان بگۆڕن و کاریگەرییان زیاترە. 
 
د. عادل باخەوان پێیوایە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان بۆچوونەکانی ئێران و رەوتی سەدردا نییە و دەڵێت، "ئێران و رەوتی سەدر تەنیا یەک جیاوازییان هەیە ئەویش ئەوەیە سەدر دەیەوێت قەناعەت بە ئێران بکات کە حەسەن نەسروڵڵای عێراق ئەوە. دەوێت چۆن ئێران لە لوبنان تەنیا لەگەڵ حیزبوڵڵا و حەسەن نەسروڵڵادا مامەڵە دەکات بە هەمان شێوە لە عێراقیش لەگەڵ سەدردا مامەڵە بکات، ئەمە خاڵی ناکۆکییەکەیە." 
 
سەردار عەبدوڵڵا: دابەشبوونمان خاڵی هەرە لاوازمانە، پێکەوەبوونمان خاڵی هەرە بەهێزمانە 
 
سەردار عەبدوڵڵا، شرۆڤەکار و نووسەر لە سەرەتایی قسەکانیدا باسی لە دۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "دابەشبوونمان خاڵی هەرە لاوازمانە، پێکەوەبوونمان خاڵی هەرە بەهێزمانە." 
 
لەبارەی رۆڵی کورد لە هاوکێشەکانی نێو عێراقدا، سەردار عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، "کورد ژمارەیەکی گەورەی نێو هاوکێشەکانە، بەڵام یاریزانێکی خراپە و بەهۆی دۆخە نێوخۆییەکەوە ناتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت."  
 
ئەو نووسەرە باسی لە ویستی موقتەدا سەدر کرد لە داهاتوودا و گوتی، سەدر دەیەوێ ئەزموونەکەی ئایەتوڵڵا خومەینی دووبارە بکاتەوە و "هەموو کارەکتەرەکانی دیکە لە مەیدانەکەدا دەرپەڕێنێت."
 
سەردار عەبدوڵڵا باسی لە رۆڵ و ویستەکانی هادی عامری کرد بۆ بوونی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و گوتی، لە ئەم خولە و چەند خولی پێشوودا ویستوویەتی ببێتە سەرۆکوەزیران.. هەروەها عامری رۆڵی لە گەمە ناوچەییەکاندا هەیە و هێزی سەربازیشی هەیە. 
 
سەردار عەبدوڵڵا باسی لە نەبوونی قاسم سولەیمان و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق کرد و گوتی، "کاریگەریی گەورەی جێهێشتووە." 
 
ئەو شرۆڤەکارە سەبارەت بە ویستی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لەسەر عێراق قسەی کرد و گوتی، ئەو لایەن و وڵاتانە دەیانەوێت هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو بوونی هەبێت. 
 
سەردار عەبدوڵڵا: دەبێت خۆپێشاندانەکان دووربن لە ئامانجی حیزبی 
 
لەبارەی ئەو خۆپێشاندانەی کە لە رۆژانی رابردوودا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ داوای کرد ئەنجام بدرێت، د. عادل باخەوان قسەی کرد و گوتی، "ئەوەی دەیەوێت خۆپێشاندانەکانی بەغدا بهێنێتە هەرێمی کوردستان یارییەکەی لێ تێکچووە.. ئێستا کاتی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە تاوەکو خەڵک بهێنێنیتە سەر سەقام و خۆپێشاندان بکرێت." 
 
بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق رووی لە لایەنە سیاسییەکان کرد و گوتی، ئەگەر دەتانەوێت لە عێراق کاریگەری لەسەر رەوتی رووداوەکان دابنێن، دەبێت لە بەغدا خۆپێشاندان بکەن. هەروەها دەشڵێت، هیچ کام لە هێزە سیاسیییەکان "بیانوویان نییە کە لە هەرێمی کوردستان خۆپێشاندان بکەن و دۆخەکە لەبارنییە و دەبێت بە موزایەدەی سیاسی."
 
مەحموود یاسین کوردی، رۆژنامەڤان لە سپەیسەکەدا بەشداریی کرد و گوتی، "ژمارەیەک هۆکار هەیە کە لە بەغدا نییە و لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە بۆیە پێویستە خۆپێشاندان ئەنجام بدرێت لە هەرێمی کوردستان، وەک وەرگرتنی مووچە کە لە بەغدا باشترە، وەرگرتنی بەنزین لە بەغدا باشترە و بە یاسا وەرگرتنی باج لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە." 
 
سەردار عەبدوڵڵا بۆچوونی خۆی لەسەر ئەنجامدانی خۆپێشاندان خستەڕوو و گوتی، "من ناڵێم لەگەڵ ئەنجامدانی خۆپێشاندان نیم، بەڵکو دەبێت ئامادەکاریی بۆ بکرێت وەک خۆپێشاندانەکانی ئەم دوواییانەی موقتەدا سەدر." 
 
ئەو نووسەرە داوایکرد خۆپێشاندانەکان بە بەرنامە و سیستم بێت و دووربێت لە ئامانجی حیزبی. هەروەها داواشیکرد خۆپێشاندانەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوەبچێت.