زیاتر لە 90 هەزار خێزانی کەرکووک چاوەڕێی بڕیاری تاپۆکردنی خانووەکانیانن

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمساڵ لەماوەی سێ مانگدا مامەڵەی تایبەت بە تاپۆکردن بۆ نزیکەی 90 هەزار خانووی زێدەڕۆی کەرکووک تۆمارکراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕیارێکی حکومەتی عێراق دەرنەچووە بۆ بە فەرمی تۆمارکردن و تاپۆکردنیان.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە شارەوانیی کەرکووکەوە وەریگرتوون، لەسەر داوا و بنچینەی بڕیارێکی حکومەتی عێراق، مامەڵەی تۆمارکردن بۆ نزیکەی 90 هەزار خانووی زێدەڕۆی کەرکووک لە 11 گەڕەکدا کراوە و خاوەنەکانیان چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵیی عێراقن بۆ ئەوەی بڕیار لەو بارەوە بدات.
 
ئەو گەڕەکانەی بە گەڕەکی سەرەکی دادەنرێن و خاوەنەکانیان چاوەڕێ دەکەن حکومەتی عێراق مامەڵەی تاپۆکانیان تەواو بکات 11 دانەن؛ هەشت گەڕەکیان کوردنشینن و دوو گەڕەکیش تورکماننشین؛ گەڕەکەکەی دیکەیان زۆرینە عەرەبنشینە.
 
ئەو گەڕەکانەی بە زێدەڕۆ دانراون ئەمانەی خوارەوەن:
پەنجا عەلی - کوردنشین
بارووتخانە – کوردنشین
دەروازە - کوردنشین
شۆراو - کوردنشین
فەیلەق - کوردنشین
نەورۆز - کوردنشین
سێکانیان - کوردنشین
گورگەچاڵ - کوردنشین
بەدر - تورکماننشین
حەمزەلی - تورکماننشین
سیادە - عەرەبنشین
 
فەرەیدوون زەنگەنە، سەرۆکی پێشووی شارەوانی کەرکووک کە سێ رۆژە لە ئەرکەکەی دوورخراوەتەوە، ئەمڕۆ شەممە، 5-8-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە مامەڵەمان بۆ تۆمارکردنی نزیکەی 90 هەزار خانوو وەرگرتووە لەسەر بنچینەی بڕیارێکی حکومەتی عێراق؛ بڕیارەکەش بۆ هەموو عێراقە نەوەکو کەرکووک؛ رەنگە لە بەغدا سەتان هەزار خانووی زێدەڕۆ دروستکرابن و مامەڵەی تۆمارکردنیان بۆ کرابێت".
 
فەرەیدوون زەنگەنە دەڵێت، بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی خانووی زێدەڕۆ، دەبێت شاندێکی حکومەتی عێراق لە بەغداوە بچێتە کەرکووک و لێکۆڵینەوە لە دۆسێیەکە بکات، دواتریش هەر لە بەغداوە بڕیاری کۆتایی لەو بارەوە دەدرێت.
 
بەگوێرەی بڕیاری حکومەتی عێراق بێت، لیژنەیەک لە بەغدا لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکانی دیکە تاوتوێی مامەڵە پێشکێش کراوەکان دەکات و لەوە دەکۆڵیتەوە کە زەوییەکە چەند مەترە، داواکارییەکە بەناوی کێوەیە؛ ئەو کەسەی داوای تاپۆی خانووەکەی دەکات چی دیکەی بەناوەوەیە؛ زەوی خانووەکە زەوی کام وەزارەتە؛ ئەگەر بە هەموو فلتەرەکان تێپەڕی، ئیدی خانووەکە تاپۆ دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی لیژنەکە لێکۆڵینەوە لە دۆسێکان دەکات.
 
مێژووی دروستکردنی خانووی زێدەڕۆ لە کەرکووک
 
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003، بەشێکی هاونیشتمانیانی کەرکووک کە ئاوارەی هەرێمی کوردستان ببوون گەڕانەوە شارەکە و لەو گەڕەکانەی ئێستا بە زیدەڕۆ هەژمار دەکرێن خانوویان دروستکرد، لەو نێوەندەدا بەشێکی عەرەب و تورکمانی شارەکەش خانووی زێدەڕۆیان دروستکرد، ئەوەش تەنیا لە کەرکووک نەبووە و لە چەند شارێکی دیکەی عێراق خانووی زێدەڕۆ دروستکراون، کە بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە حکومەتی عێراق دەیەوێت بە فەرمی تۆماریان بکات نەوەکو هەوڵدان بۆ رووخاندنیان.
 
ئەو زەوییانەی خانووەکانیان تێدا دروستکراوە لە کەرکووک، پێشتر لەسەر وەزارەتە جیاکانی حکومەتی عێراق تۆمار کراون. فەرەیدوون زەنگەنە دەڵێت، "زەوییەکان زەوی چەند وەزارەتێکن، لەوانە؛ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، دارایی، بەرگری، کارەبا و نەوت".
 
مەترسی رووخانی خانووە زێدەڕۆکانی کەرکووک
 
ماوەیەکە دەنگۆیەک بە تایبەت لەنێو گەڕە زێدەڕۆ کوردنشینەکانی کەرکووک نیگەرانی دروستکردووە، کە دەگوترێت خانووی خەڵک بە پاساوی زێدەڕۆیی رووخێنراوە و مەترسی رووخان لەسەر هەموو خانووەکان هەیە؛ لەوبارەیەوە فەرەیدوون زەنگەنە کە تەنیا سێ رۆژە لە سەرۆکی شارەوانی کەرکووک نەماوە، گوتی، "هیچ خانوویەک بە بیانووی زێدەڕۆ ناڕووخێنرێت؛ ئەگەر خانوویەک لە شوێنێک رووخێندرابێت یان شوێنەکەی بۆ قوتابخانە بووە، یان کەوتووەبەر دروستکردنی شەقامێک".  
 
ساڵی 2012 لەسەر داوای حکومەتی عێراق، بەشێوەی مەیدانی سەرژمێری بۆ هەموو خانووە زێدەڕۆکانی کەرکووک کرا، ئەوەش بە مەبەستی تۆمارکردن و تاپۆکردنیان، بەڵام دواتر هیچ کارێک بە سەرژمێریی خانووەکان نەکرا.
 
فەرەیدوون زەنگەنە ئاماژەی بەوەشکرد، لە تۆمارکردن یان هەر بابەتێکی تایبەت بە خانووە زێدەڕۆکانی کەرکووکدا "هیچ جیاکارییەک لەنێوان نەتەوەکاندا نەکراوە".