وردەکاریی گیانلەدەستدانی سکرتێری لاهوور شێخ جەنگی
رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 03:00ی بەرەبەیانی رۆژی شەممە سکرتێری لاهوور شێخ جەنگی لە سلێمانی بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا. خاوەنى ئۆتۆمبێلەکە ئاوەڵزاواى کاروانە و هەر ئەویش شۆفێر بووە.
کاروان عەلی شامار و ئاوەڵزاواکەی دواى گەڕانەوەیان لە سیتەک، تووشى رووداوى هاتووچۆ بوون و سێ لە سەرنشینەکانى دیکەش برینداربوون، بەڵام برینیان سووکە.
رێبوار عەلى شامار، براى کاروان بە رووداوی گوت، "لە هەوارى شارەوە هاتوونەتە خوارەوە لەگەڵ ئاوەڵزاواکەى، بەهۆى خێراییەوە وەرگەڕاون، تائێستا هەر ئەوەندە بە ئێمە گوتراوە."
کاروان عەلى شامار، بەرپرسى نووسینگەى لاهوور شێخ جەنگى بوو، لەدایکبووى 1988 و هاوژین و دوو منداڵی هەیە، پێش 7 ساڵ دایکیشى کە ناوی وەسفییە بەنى وەیسە، بە رووداوى هاتووچۆ لە گەڕانەوەى بۆ خانەقین گیانى لەدەستدا.
بەختیار شاوەیس، هاوڕێى کاروان دەڵێت، "کاک کاروان کەسێکى خەباتکار و باوەڕى بە کارەکەى و رێبازەکەى خۆى هەبوون، دۆستى کاک شێخ لاهووریش بوو."
ئاسۆ شێخ جەنگى، براى لاهوور شێخ جەنگى باس لەوە دەکات، "من تازە لە رانیە هاتوومەتەوە، بە بیستنى ئەو هەواڵە تووشى شۆک بوو، کاروان دواى مردنى دایکى، کارى بۆ شەهیدان دەکرد، بە مردنى ئەو قەت جێگەکەى پڕناکرێتەوە. کاک شێخ لاهوور بۆ مردنی منیش هەر هێندەی پێناخۆش دەبوو."
بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشدارى لە پرسەکەیدا کرد، لاهوور شێخ جەنگیش لە دەرەوەى هەرێمی کوردستانە و بڕیارە بۆ پرسەی سکرتێرەکەی بگەڕێتەوە.