بەهۆی لافاوەوە لە باکووری کوردستان 150 سەر ئاژەڵ مردار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لافاوێکی بەهێز بووە هۆی مرداربوونی 150 سەر ئاژەڵی بچووک لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان.
 
شەوی رابردوو بارانێکی بەخوڕ سنووری شارۆچکەی قەلقەلیای لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان گرتەوە و ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی لافاو، کە زیانی زۆری بە کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەکانی سنووری شارۆچکەکە گەیاند.
 
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، لە ئەنجامی لافاوەکە 150 سەر ئاژەڵی بچووک مرداربوون؛ لە هەمان کاتدا لافاو چووە نێو چەندین ماڵەوە و زیانی بە پێداویستییەکانی ئەو ماڵانە گەیاند.
 
هەر دوێنێ هەینی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین سنووری شارۆچکەی بازیدی سەر بە پارێزگای ئاگریی لە باکووری کوردستان گرتەوە.
 
بارانبارینەکە بۆ ماوەی زیاتر لە کاژێرێک بەردەوام بوو و ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لە دیوی پارێزگاکە و لە ئەنجامدا رێگەی سەرەکیی ئەو دوو پارچەیەی کوردستان داخرا.
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، بارانبارین لە پارێزگاکانی ئاگری، ئیدر و ئەردەخان تاوەکو رۆژی 7ی مانگ بەردەوام دەبێت.