لە هەڵەبجە تەقە لە سێ گەنج دەکرێت و دووانیان گیان لەدەستدەدەن

رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری هەڵەبجە دوو هاونیشتمانی کوژران.
 
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رووداوەکەدا جگە لە کوشتنی دوو کەس، کەسێکی دیکەش بریندارە".
 
ئاکام محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قوربانییەکان رەوانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە کراون، لێکۆڵینەوە دەکەین و زانیاری زیاتر دەخەینەڕوو.
 
رووداوەکە کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە گەڕەکی فەرمانبەران لە هەڵەبجە روویداوە.
 
لەبارەی رووداوەکەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوو کەس بە ناوەکانی (ب، ج، ف) تەمەن 20 ساڵ و (ش، م، ا). هەروەها کەسێکی 31 ساڵ بە ناوی  (پ. م . ت) بریندار بووە".
 
پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکردووە، دوو تۆمەتبار بە تۆمەتی رووداوەکە دەستگیرکراون و بە گوێرەی مادەی 406ـی تایبەت بە کوشتن دەدرێنە دادگە.
 
سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە لەبەردەم دادپزیشکیی شارەکەوە رایگەیاند: "تەمەنی ئەو دوو گەنجەی کوژراون، لەنێوان 18 بۆ 20 ساڵاندایە."
 
لەبارەی شوێنی رووداوەکەوە سازگار سەڵاح باسی لەوەکرد، کە گەنجەکان لە بەردەم ماڵی خۆیاندا دانیشتوون.