چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای پەسندکردنی رێنماییەکانی گەرەنتیی پاکی هەڵبژاردن دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان بڕیاریدا راسپاردەیەک ئاراستەی چوار سەرۆکایەتییەکە (کۆمار، وەزیران، پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری) بکات، بۆ پەسندکردنی رێنماییەکانی گەرەنتیی پاکی و بێگەردیی هەڵبژاردن. 
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان شەوی رابردوو کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (238)ی لە نووسینگەی عەبدولسادە فریجی، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی نەهجی وەتەنی کرد بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوخۆیی و ناوچەکە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئابی 2025 بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێویستیی یەکخستنی هەموو هەوڵەکان کرایەوە بۆ سەرخستنی مەراسیمی زیارەتی ملیۆنیی چلەی ئیمام حوسێن.
 
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتوو کرا و جەخت لە گرنگیی دابینکردنی پشتیوانیی پێویست و تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان کراوەتەوە.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە : "چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری داوە راسپاردە پێشکەش بە چوار سەرۆکایەتییەکە بکات بۆ پەسندکردنی رێنماییەکانی گەرەنتیی پاکی هەڵبژاردنی پەرلەمان، دوای وەرگرتنی تێبینیی سەرجەم ئەندامان."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی 11ی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320یان گشتی و 9یەکەی دیکە کۆتان.
 
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن.