نیوەی گەڕەکەکانی شاوێس بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، دۆخی ئاوی سنووری شارۆچکەی شاوێس لە هەولێر گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شارۆچکەکە دەڵێت، لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 10 بیرمان وشک بوون و نیوەی گەڕەکەکانیش بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت.
 
سێشەممە 05-08-2025 شەمسەدین عەبدولقادر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی شاوێس میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، رایگەیاند: "ئەم ساڵ دۆخمان بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوییەوە زۆر خراپە. ئاستی ئاوی سەرجەم بیرەکانمان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دابینکردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە."
 
بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس ئاماژەی بەوەدا لەکۆی 10 گەڕەک لە سنووری شاوێس ئێستا پێنج گەڕەکیان بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت و گوتی: "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای روانگە، ئێستا رۆژانە بە چوار تانکەر ئاو بۆ گەڕەکەکانی 11ـی ئەیلوول، ئازادی، 26 گوڵان، گوندی شاوێس و نەورۆز، دابین دەکرێت، هەر خێزانێکیش نزیکەی 1400 لیتر ئاوی دەدرێتێ."
 
بەگوتەی شەمسەدین عەبدولقادر لە دوو ساڵی رابردوودا نزیکەی 10 بیریان بە تەواوی وشک بوون، سەرەڕای ئەوەی کە ئێستا هەموو بیرەکانیان کار دەکەن، بەڵام بە گشتی ئاستی ئاویان کەمی کردووە.
 
لە بارەی پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، شەمسەدین عەبدولقادر ئەوەی خستەڕوو، پرۆژەکە دابەشی دوو زۆن کراوە، بەشی باشوور و رۆژهەڵاتی هەولێر، ئێستا ئاو گەیشتووەتە زۆنی کەسنەزان و بنەسڵاوە و دارەتوو، بەڵام بۆ زۆنی باکوور و رۆژئاوای هەولێر کە شاوێس، بەحرکە و پیرزین دەگرێتەوە، ئێستا هێڵی سەرەکی گەیشتووەتە سنوورەکە و حەوزەکانمان تەواو بوون، تەنیا تەواوکردنی هێڵە لاوەکییەکان ماوە، کە پێشبینی دەکەین تاوەکو مانگی 11ـی ئەم ساڵ ئاو بە تەواوی بگاتە ئەو ناوچانەش.
 
شەمسەدین عەبدولقادر جەختی لەوە کردەوە کە بە تەواوبوونی پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، سەرجەم 61 بیرەکەی سنووری فەرمانگەکەیان دادەخرێن و پشتبەستن بە ئاوی ژێرزەوی کۆتایی دێت.