جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گوڵاڵە دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گوڵاڵە لە پارێزگای دیالە دەستپێدەکات، کە سوود بە نزیکەی 250 هەزار کەس لە دانیشتووانی ناحیەکە و گوندەکانی دەوروبەری دەگەیەنێت.
 
پرۆژەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییە گشتییەکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت. نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئەمڕۆ  5ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەکە بە حەوتەمین پڕۆژە دادەنرێت لەسەر ئاستی پارێزگاکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سەر بە وەزارەت جێبەجێ دەکرێت، بە توانای بەرهەمهێنانی 3000 مەتری سێجا لە کاژێرێکدا.
 
نەبیل سەفار، ئاماژەی بەوەدا، کارەکانی ئێستا خۆی لە دەستپێکردنی قۆناخی پشکنینی خاک و جێبەجێکردنی کاری هەڵکۆڵینی مەیدانی بە بەکارهێنانی ئامێری هەڵکۆڵینی میکانیکی دەبینێتەوە.
 
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتەکە، بە تەواوبوونی پرۆژەکە نزیکەی 250 هەزار کەس لە ناحیەکە و گوندەکانی دەرووبەری سوودمەند دەبن.
 
ناحیەی گوڵاڵە سەر بە قەزای خانەقینە لە سنووری پارێزگای دیالە، ناوچەیەکی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە.