بەهۆی گەرما و کەمیی کارەبا لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان سبەی کرایە پشوو

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی گەرما و کەمیی کارەباوە، لە فەرمانگە حکومییەکانی چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان سبەی کرایە پشوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئابی 2025 جەلیل بالایی، جێگری پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە، سبەی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت."
 
بڕیارەکەی پارێزگای کرماشان، دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزارییەکانی وەکو نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای سنەش رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە، سبەی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت. ئاماژەی بەوەش داوە، بەهۆی گەرماوە بەکارهێنانی کارەبا لە پارێزگاکە زیاتر بووە.
 
بە هەمان شێوە، بڕیارەکەی پارێزگای سنە، دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزارییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
 
بە بڕیاری ناوەندی پارێزگای ئیلام بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و زۆر بەکار هێنانی کارەبا، گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە هەیە و سبەی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت.
 
هەروەها رۆژی دووشەممە 04-08-2025، ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی بەڕێوەبردنی قەیران لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت.
 
ماوەی سێ هەفتەیە پلەی گەرما لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی.
 
کەشناسیی ئێران رایگەیاندووە، لە دوو تاوەکو پێنج رۆژی داهاتوودا پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە لە هەندێک ناوچە دەگاتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، لە 13 پارێزگای ئێرانیش رۆژی چوارشەممە 6ی ئاب، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبا کراوەتە پشوو.