ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 49 کەس لە ئاودا خنکاون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ لانیکەم 49 کەس لە ئاودا خنکاون. ئەفسەرێکی بەرگریی شارستانی دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی خنکانەکان شارەزانەبوونە لە مەلەوانی و شوێنی مەلەکردن.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، زۆرترین رووداوی خنکان لە پارێزگای هەولێر بووە، پاشان دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە.
 
پارێزگای هەولێر: 23 کەس خنکاون
 
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنوورەکەمان تاوەکو ئەمڕۆ 14 کەس لە رووداوی جیادا لە ئاودا خنکاون".
 
هەر ئەمڕۆ، رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ لە چەم و رووبارەکانی سنوورەکەمان شەش کەس خنکاون".
 
لەبارەی قەزای کۆیە لە هەمان پارێزگا، عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سێ کەس لە سنوورەکەمان خنکاون، کە باوکێک و دوو کوڕ بوون".
 
کۆی گشتی لە سنووری پارێزگای هەولێر 23 کەس لە چەم و رووبار و بەنداوەکان خنکاون.
 
لە دهۆک 19 کەس خنکاون
 
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژ بەرگریی شارستانیی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ شەش کەس لە ئاودا لە سنوورەکەمان خنکاون".
 
هەر لەو پارێزگایە، عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئاکرێ ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ لە سنووری ئاکرێ، بەردەڕەش و بەشێکی شێخان، 7 کەس لە ئاودا خنکاون، کە چواریان پێکەوە لە 04ـی ئەم مانگەدا خنکان".
 
هاوکات موقەدەم جەمال هەسن خەلیل، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئیدارەی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان تاوەکو ئەمڕۆ شەش کەس لە ئاودا خنکاون".
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ بە گشتی لە سنووری پارێزگای دهۆک 19 کەس لە ئاودا خنکاون.
 
لە سلێمانی و هەڵەبجە حەوت کەس خنکاون
 
رائید زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا دوو رووداوی خنکانمان هەبووە، هەردووکیان شەوی رابردوو 04ـی ئاب بوون".
 
لەبارەی سنووری پارێزگای سلێمانییەوە، ئارام عەلی، گوتەبێژیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا یەک رووداوی خنکان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هەبووە".
 
هەر ئەمڕۆ نەقیب عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ تەنیا یەک رووداوی خنکانمان هەبووە، کە مێردمنداڵێکی 13 ساڵ بوو".
 
لەبارەی ئیدارەی گەرمیانیشەوە لە پارێزگای سلێمانی، ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگری شارستانی سنوورەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ دوو رووداوی خنکان لە ناوچەکەمان تۆمار کراوە".
 
هەر ئەمڕۆ کەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ یەک کەس لە سنوورەکەمان خنکاوە".
 
هۆکارەکانی خنکان
 
لەبارەی هۆکارەکانی خنکانەوە، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی: "هۆکار زۆر هەن، لەنێویاندا نەشارەزایی لە مەلەوانی و شوێنی مەلەکردن، چونکە هەندێک شوێن تەنی رەقیان تێدایە و ئەوانەی مەلە دەکەن سەریان بەری دەکەوێت و دەبێتە هۆی برینداربوون و دواتر خنکان".
 
بەشێکی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دەخنکێن گەشتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقن. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد: "گەشتیاران دێنە ئێرە زۆر جار ئاوی ئێرە ساردترە و دەبێتە هۆی وەستانی دەماریان و رووداوی خنکانی لێدەکەوێتەوە".
 
شاخەوان سەعید گوتیشی: "هەندێک ئاو لماوین و بە تابلۆ ئاگاداریمان نووسیوە بۆ مەلەوانی نابن و دەبنە هۆی چەقین تێیدا، بەڵام خەڵک پێیەوە پابەند نابێت. هەندێکیش هەن لە مەلەوانگەکان فێری مەلە بوون و لە گۆم و رووبارەکان شارەزا نین و دەخنکێن".
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر داوای لە هاووڵاتییان کرد، کە پابەندی رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی بن. گوتیشی: "ساڵانە تابلۆی رێنماییەکان نوێ دەکەینەوە، بەداخەوە زۆرینە پابەند نابن و تابلۆکانیش دەشێوێنن".