وەزارەتی پێشمەرگە: هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی 7 دابەش دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، پارەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بۆ هاوکاریی مانگی 7 دابینکراوە و دابەشکردنی دەستپێدەکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئابی 2025 وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "دوای ئەنجامدانی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان لەلایەن بەێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) لە رۆژی پێنجشەممە 7ی ئاب دابەشکردن دەستپێدەکات."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەم مانگەدا نزیکەی 74 هەزار ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە بە سیستمی پڕۆژەی "هەژماری من" هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە هەمووانی رادەگەیێنین، هەر هەواڵ و زانیارییەک لە هەر پێگەیەکی دیکەی میدیایی بڵاوبکرێتەوە، متمانەی پێناکرێت و وەزارەتی پێشمەرگە هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵناگرێت."
 
وەکو پشتیوانییەک بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە.
 
بابەکر زێباری، راوێژکاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سوپالاساری پێشووی عێراق رۆژی سێشەممە 1ی تەممووزی 2025 بە تۆڕی میدیایی روووداوی گوت، "سەرقاڵی یەکخستنەوەی هێزەکان و دروستکردنی فیرقەکانین؛ ئێستا لە دروستکردنی دوایین فیرقەداین."
 
بڕیارە سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە 11 فیرقەدا یەکبخرێن.
 
زێباری دەڵێت، "تاوەکو سەرەتای مانگی تەممووز 10 فیرقە پێکهێندراون، ئێستا لە فیرقەی کۆتاییداین و ئەم ساڵ پرۆسەکە تەواو دەبێت؛ هەموو هێزەکانیش یەکدەخرێن."