چیرۆکی خنکانی دوو گەنج لە پۆندێک لە سنووری هەڵەبجە
رووداو دیجیتاڵ
دوو گەنجی خەڵکی هەڵەبجە لەکاتی مەلەکردن دا لە پۆندی پرێسی ناوچەی نەورۆڵی خنکان. تەرمی یەکێکیان دوای 6 کاژێر ئینجا دۆزرایەوە.
یەکێک لە گەنجە خنکاوەکان تەمەنی 30 ساڵ و ئەوی دیکە 26 ساڵ بوو. جەمیل شاهێدحاڵێکی رووداوەکەیە و دەڵێت، "تەلەفۆنێکم بۆ کرا لەلایەن هاووڵاتییەکی گوندی خۆمانەوە کە وا لای بەنداوەکە قەرەباڵخی هەیە و دوو کەس خنکاون، هەمو تیمی خزمەتگوزاری هەڵەبجە لێرەن، بەڵام سەرچاوە ئەسڵییەکە غەواسە و نیمانە. ئێرە شوێنی مەلەیە، کە مەلەش بوو غەواسی دەوێت".
بەهۆی نەبوونی غەواس و ئامێری گەڕان بەدوای تەرمەکان، چەند تیمێک لە دەرەوەی هەڵەبجەوە چوونە پارێزگاکە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان.
گۆران سابیر، تیمی غەواسی بەرگریی فریاکەوتنی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئێمە وەکو تیمی غەواسی بەرگریی فریاکەوتنی سلێمانی هاتینە شوێنی رووداوەکە و توانیمان بە 20 خولەک بیدۆزینەوە و کەمێک لە خەمی ئەو بنەماڵەیە کەم بکەینەوە، شوێنەکە قوڕاو بوو، زۆر تاریک بوو، بەڵام هەرچۆنێک بێت توانیمان بیدۆزینەوە".
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە هەموو ئامێرێکی تیمی غەواسیان هەیە، بەڵام داوا دەکەن کەسانێک هەبن تایبەت بکرێن بە کاری غەواسی.
خنکانی ئەم دوو گەنجە لەکاتێکدایە، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا 4 گەنجی دیکە لە سنووری بەردەڕەش لەکاتی مەلەکردن دا خنکان.