زیاتر لە 20 هەزار زیندانیی سیاسی چاوەڕێی خەرجکردنی مینحەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی 12 ساڵ لە چاوەڕوانی، هێشتا دۆسیەی مینحەی زیاتر لە 20 هەزار زیندانیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، چارەنووسیان بەستراوەتەوە بە رێککەوتنی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا. بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی شەهیدان دەڵێت، حکومەت هەوڵدەدات دۆسیەکەیان بگوازرێتەوە سەر بەغدا.
ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە وەزارەتی شەهیدان، کە میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، رایگەیاند، "لە ماوەی ساڵانی رابردوودا 25 هەزار و 807 کەس وەکو زیندانیی سیاسی لە وەزارەتەکەمان مامەڵەیان بۆ کراوە، بەڵام تەنیا 5 هەزار و 216 کەسیان لە قۆناخەکانی سەرەتا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سوودمەند بوون، کە ئێستا تەنیا 1,610 کەسیان مینحەیان بەردەوامە."
بەگوێرەی زانیارییەکان لە ساڵانی رابردوو بە 8 بەش ناوی زیاتر لە 5 هەزار زیندانیی سیاسی گەڕاونەتەوە، بەڵام کێشە سەرەکییەکە لە چارەنووسی ئەو 20 هەزار و 591 کەسەدا خۆی دەبینێتەوە کە وەک مام رەسوڵ دەڵێت، "لە 23-12-2013وە، واتە نزیکەی 12 ساڵە، هەموو رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانیان تەواو بووە و ئامادەیە بۆ خەرجکردن، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ تەرخان نەکراوە."
بڕی بودجەی پێویست بۆ خەرجکردنی مینحەی ئەو توێژە، مانگانە بڕی 8 ملیار و 400 ملیۆن دینارە. بەرپرسەکەی وەزارەتی شەهیدان گوتی، "لە کۆتایی ساڵی 2024دا لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیەمان دیاریکردبوو، بەڵام رێککەوتنی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو بابەتەی راگرت. بۆیە ئێستا تاکە هیوامان ئەوەیە کە لە یاسای بودجەی 2026ی عێراقدا ئەم مافە بۆ زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بچەسپێندرێت."
وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر گواستنەوەی تەواوی دۆسیەکە دەکات بۆ بەغدا. ئەحمەد مام رەسوڵ دەڵێت، "ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی داوای کردووە کە زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بخرێنە سەر دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق. هاوکات پێشنیازیشمان کردووە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2013 هەموار بکرێتەوە، تاوەکو زیندانییانی هەرێمی کوردستان هەمان ماف و ئیمتیازاتی هاوشێوەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەربگرن."
بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011، زیندانییانی سیاسی چەند ئیمتیازاتێک دەیانگرێتەوە. ئەحمەد مام رەسووڵ دەڵیت، ئەوەی لە ماوەی ساڵانی رابردوو کردوومانە، زیاتر لە 2000 زیندانیی سیاسی یان منداڵێکیان لە کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان بەخشراون.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە بواری نیشتەجێبوونیشدا، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی گەرمیان زەوی بەسەر بەشێک لە زیندانیاندا دابەشکراوە، بەڵام ئەمەش بێ کێشە نییە. بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی زیندانییانی سیاسی لەوەزارەتی شەهیدان دەڵێت، "لە سنووری کۆیە 903 کەس فەرمانی زەوییان هەیە، بەڵام تائێستا پارچە زەوییەکانیان پێنەدراوە. لە سۆرانیش هەمان گرفت هەیە و لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنی."