شاندی ئێران"بە دەستی بەتاڵ" لە سلێمانی گەڕایەوە
رووداو - سلێمانی
هێشتا 24 كاژێر بەسەر راگەیاندنەكەی ناوەندی بڕیار لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، جێگرانی سكرتێری گشتيی یەكێتیدا تێنەپەڕیبوو، كۆماری ئیسلامیی ئێران هاتە سەر خەت و شاندێكی باڵای سەربازیی رەوانەی سلێمانی كرد، بەڵام وەك باڵی ناوەندی بڕیار دەڵێن "ئێرانییەكان بەدەستی بەتاڵ گەڕانەوە".
(رووداو) لە سەرچاوەیەكی باڵای نێو یەكێتی زانیویەتی كاتێك ئێران زانی كێشەكان چارەسەر نابن، بە زمانی تووند لەگەڵ باڵی ناوەندی بڕیار قسەیان كردووە و پێیان گوتوون "رێگە نادەین بەهیچ شێوەیەك یەكێتی دابەش ببێ". هەروەها ئێران داوای كردووە "ناكۆكییەكان نەگاتە ئاستی شەڕ و پێكدادان".
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی لە باڵی ناوەندی بڕیار كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، هەوڵێكی ئێران لەپێش راگەیاندنی بەیاننامەكە بۆ (رووداو) ئاشكرا دەكات و دەڵێت "ئێران داوای لە ئێمە كرد، تەنیا دوو رۆژ بەیاننامەكەی ناوەندی بڕیار رابگرین، تاوەكو كێشەكان چارەسەر بكەن، بەڵام نەكەوتینە ژێر هەژموونی ئێران".
ئێران پێشتریش ئەم رۆڵی نێوبژیوانكارییەی لەنێوان باڵەكانی یەكێتی بینیوە. ساڵی 2013 رێككەوتنی تاران بە ئامادەبوونی نوێنەری پارتی لەنێوان هەردوو جێگرەكەی سكرتێری گشتی یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و هەروەها هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئیمزا كرد. بەگوێرەی رێككەوتنەكە كۆسرەت رەسوڵ سەرپەرشتی كاروباری حیزبی دەكات، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كاروباری دارایی و بەرهەم ساڵحیش پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان.
جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی گوت "ئەو رێككەوتنە هەر زوو لەبارچوو، هێرۆخان پەشیمان بووەوە".