هەرێم کەمال ئاغا: بە هیچ شێوەیەک لە پەرلەمانی عێراق دوورنەخراومەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە گوایە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە پەرلەمان دوورخراوەتەوە و بەربژێرێکی پارتی خراوەتە شوێنەکەی.
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی بڵاوکراوەتەوە گوایە دوورخراومەتەوە، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، پێشتر دادگەی فیدراڵی و دەستەی دادوەریی سەر بە كۆمیسیۆن دوا بڕیاری خۆی داوە كە ئەنجامەكان نە قابیلی تانە لێدانە و نە رەتدەكرێتەوە."
 
هاوکات ئەمڕۆ دووشەممە، هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەبارەت بەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە، هیچ زانیارییەکی فەرمی بە ئێمە نەگەیشتووە."
 
بەگوێرەى ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردن، لەیلا ئەکرەم، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان هەشت هەزار و 517 دەنگی بەدەستهێنا و توانیی سەرکەوێت بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام دوای پێداچوونەوە بە تانەکان، هەرێم کەمال ئاغا هەشت هەزار و 920 دەنگی هێنا و شوێنی بەربژێرەکەی پارتیی گرتەوە، بۆیە لەیلا ئەکرەم لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای تۆمارکرد.
 
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، کە لە 10ى تشرینى یەکەمى 2021 بەڕێوەچوو، پارتى دیموکراتى کوردستان 31 کورسی و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 18 کورسیی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.