چیرۆکى بارەگاکەى پارتى لە کەرکووک؛ لە کارنامەى حکومەتەوە تاوەکو دادگەى فیدراڵى
رووداو دیجیتاڵ
دواى خوێن رژانى چوار هاونیشتیمانى کوردى کەرکووک، 3ى ئەیلوول رێگەیەى هاتوچۆى شارەکە لەگەڵ سلێمانى و هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کرایەوە کە زیاتر لەهەفتەیەک بوو داخرابوو.
بەشێک لە عەرەب و تورکمان لێرە مانیان گرت، دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووک بە پارتى دیموکراتى کوردستان کە شەش ساڵە بەدەستیەوەیەتی.
سەرەتاى پرسەکە دەگەڕێتەوە بۆ رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەری 2017، کاتێک سوپا و حەشدی شەعبی کەرکووکیان کۆنتڕۆڵکرد و پارتى لە شارەکە کشایەوە.
دواى پێنج ساڵ، چارەسەکردنى ئەو پرسە خرایە نێو کارنامەى حکومەتى نوێى عێراق کە لە 28/10/2022 لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر درا.
لە خاڵى 13ى بڕگەى یەکى لایەنى جێبەجێکردنى کارنامەی حکومەتى عێراقدا هاتووە، هەموو پارتە کوردستانییەکان و پارتەکانى دیکە لە نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین مافى ئەنجامدانى چالاکى و رێوڕەسمى سیاسی و دەستوورییان هەیە و دەبێت ئەو بارەگایەی ئەو پارتانە چۆڵ بکرێن کە لایەنى دیکە بەکاریان دەهێنن.
کارنامەکە بە زۆرینەى دەنگى پەرلەمانتاران پەسند کرا، کە پێشتر لە هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت رێککەوتن لەبارەیەوە کرابوو.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کارنامەکەى حکومەت کە لە پەرلەمانى دەنگى پێدەدرێت، دەبێت حکومەت پابەند پێوەى و هێزێکى یاسایى هەیە."
دارا سێکانیانى گوتیشى: "حکومەت لەسەر بنەماى سازان دروست بووە و پابەند نەبوون بەو کارنامەیەوە ناهاوسەنگى دروست دەکات."
ئەو بڕگەیەى کارنامەى حکومەت تاوەکو 25/8 /2023 بێ کێشە بوو. هەر کە محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانێکى دەرکرد بۆ چۆڵکردنى بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووک و رادەستکردنەوەى بە پارتى، ناڕەزایی بەشێک لە لایەنە عەرەبی و تورکمانەکانى لێکەوتەوە.
26/8/2023 بەرەى تورکمانى و هاوپەیمانیى عەرەبی لە کەرکووک راگەیێندراوێکى هاوبەشیان دژى بڕیارەکە دەرکرد.
رۆژێک دواتر لایەنگرانى بەشێک لە هێزە تورکمانی و عەرەبییەکانى کەرکووک لەبەردەم بارەگاکە مانیانگرت دژ رادەستکردنەوەی، بەڵام دواتر پرسەکە ناکۆکى خستە نێوانیان و یەکتریان تۆمەتبار کرد بەوەى پێشتر بڕیارى رادەستکردنەکەیان پەسند کردووە.
وەسفى عاسى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیى عەزمی سوننەکان، حەسەن تۆران، سەرۆکى بەرەى تورکمانى تۆمەتبارکرد بەوەى واژۆى لەسەر بەندەکانی رێککەوتنى پێکهێنانى حکومەتى عێراق کردووە، کە یەکێک لە بڕگەکانی رادەستکردنەوەى بارەگای پارتە سیاسییەکانە.
لێدوانەکە ناڕەزایی بەرەى تورکمانى لێکەوتەوە؛ تۆپى بەرپرسیارێتیەکەى هەڵدایە گۆڕەپانی عەرەبی سوننە و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەو پەرلەمانتارە و فراکسیۆنەکەى لەپەرلەمان دەنگى داوە بەکارنامەى حکومەت کە یەکێک لە خاڵەکانى رادەستکردنى ئەو بارەگایەیە.
حەسەن تۆران، سەرۆکى بەرەى تورکمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتى: "پەرلەمانتار وەسفى عاسی لێدوانێکى داوە و تێیدا بانگەشى ئەوەى کردووە کە گوایە سەرۆکى بەرەى تورکمانى واژۆى لەسەر رێککەوتنى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت کردووە. یەکێک لە خاڵەکانى رادەستکردنەوەى بارەگاى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە بە پارتى دیموکراتى کوردستان. داوامانکرد لەو پەرلەمانتارە کرد بەڵگە بۆ ئەوە پێشکێش بکات ئەگەرنا دەیدەدەینە دادگا، لەبەر ئەوەى نەیتوانى بسەلمێنێت لە دادگە سکاڵاکان لەدژى تۆمارکرد".
دواى شەش رۆژ لە گرتنى رێگەى نێوان کەرکووک بۆ هەردوو پارێزگاى هەولێر و سلێمانى، هەندێک لە هاونیشتیمانیى کەرکووک خۆپێشاندیان کرد، گرژى دروست بوو؛ چوار هاونیشتیانى بە گولە گیانیان لەدەستدا و 16ى دیکە برینداربوون.
دۆسیەکە لە شەقامەوە برایە دادگە، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لەسەر سکاڵایەکى وەسفى عاسیى بڕیاریدا بە راگرتنى جێبەجێکردنى بڕیارەکە بەشێوەیەکى کاتى تاوەکو یەکلاکردنەوەی ئەو سکاڵایە دەبێت کە پێشکێشی ئەو دادگەیە کراوە.
مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رستەیەک وەڵامى بڕیارەکەى دایەوە و نووسی، بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى "گاڵتەجاڕیە".
بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو سکاڵایە دەبێت دادگەى باڵاى فیدراڵى رۆژێک دیاریبکات بۆ ئەوەى لەبارەیەوە کۆببێتەوە.
ئیسماعیل حەدیدى، راوێژکارى پێشووى سەرۆککۆمار ویەکێک نوێنەرانى عەرەبی سوننەى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیارێکى کاتى دەرکردووە، ئەمانە چارەسەرى کاتین، چارەسەرى بنەڕەتى و گەورە لە چارەسەکردنى قەیرانى کەرکووک پەیوەندارە بە ویستی دەوڵەتى عێراقیەوە، ئەگەر ویستی سیاسى راستەقینەى لایەنە سیاسییەکانى هەبێت".
پرسەکە لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت تاوتوێکراوە و لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ یەکلاییکردنەوەى کە نوێنەرى سەرجەم لایەنەکانى پێکهێنەرى حکومەت تیایدا ئەندامن.