سەرۆک بارزانی لە پاریس: پێشمەرگە لەبری هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆک بارزانی کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگە لە پارکێکی پاریس بە ''مێژوویی'' ناو دەبات و بە بەرپرسانی شارەکە دەڵێت: ''پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی ئەنجام دا، بەڵام ئەم رێزلێنانەی ئەمڕۆ بۆ پێشمەرگەتان کرد، رێزگرتنێکی دوو هێندەیە لە خەباتی پێشمەرگە.''
 
ئەمڕۆ هەینی 05-09-2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگە لە پارکێكی پاریس گوتارێکی پیشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئەمڕۆ لە مێژووی گەلی کوردستاندا رۆژێکی مێژووییە. فەرەنسا بە درێژایی مێژوو، بەردەوام هەڵوێستی مرۆڤانە و دۆستانەی بەرامبەر گەلی کوردستان هەبووە.''
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ''پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی ئەنجام دا، بەڵام ئەم رێزلێنانەی ئەمڕۆ ئێوە بۆ پێشمەرگەتان کرد، رێزگرتنە لە خەباتی پێشمەرگە و دووهێندبوونی (تەدویج) دۆستایەتیی نێوان گەلی فەرەنسا و کوردستانە''.
 
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، ''کوردستان هەموو کات شوێنی پێکەوەژیان دەبێت، پێشمەرگە هەموو کات پارێزەری مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی دەبێت''. 
 
سەرۆک مەسعود بارزانی باسی لە هەڵێستی فەرەنسا کرد بەرامبەر پرسی کورد و گوتی، ''جێگەی خۆشحاڵییە هەڵوێستی حکومەتی فەرەنسا نەگۆڕدراوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئێمە چەند گۆڕانکاریمان بینی، سەرۆک چوون و سەرۆک هاتن، بەڵام هەڵوێستی فەرەنسا نەگۆڕدرا، هەڵوێستێکی دۆستانەی بەرامبەر گەلی کوردستان هەیە.''
 
سەرۆک بارزانی گوتیشی، ''پێشمەرگە پارێزەری ئازادی و مافی مرۆڤ دەبێت و بەشێکی فەرمییە لە رێکخراوی بەرگریی عێراقی و دژی تیرۆریست، بەرگریی لە هەموو عێراق دەکات.''
 
 
دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی:
 
بە ناوی خودای گەورە.
 
جەنابی خاتوون ئان هیدالگۆ ،سەرۆکی شارەوانیی پاریس بە دڵ سوپاسی تۆ و ئەنجوومەنی شارەوانیی پاریس و سەرۆکی شارەوانیی 15ـی پاریس دەکەم، بۆ رێکخستنی ئەم بۆنە گرنگ و مێژووییە.
 
ئەمڕۆ لە مێژووی گەلی کوردستاندا رۆژێکی مێژووییە. فەرەنسا بە درێژایی مێژوو، بەردەوام هەڵوێستی مرۆڤانە و دۆستانەی هەبووە بەرامبەر گەلی کوردستان.
 
هەر لە کاتی ژەنەراڵ (دیێگۆوە) تاوەکو ئێستا، هەموو کات فەرەنسا پشتیوان بووە بۆ دۆزی گەلی کوردستان و یەکەم وڵات بووە لەنێو ئەورووپا کە رێگە بدات ئینستیتیوتێکی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە و لێرەدا منیش دەنگی خۆم دەخەمە سەر دەنگی تۆ و زۆر سوپاسی کاک کەنداڵ و ئینستیتیوتی کوردی دەکەین، بۆ ئەم خزمەتە مەزنە کە بە خەڵکی کوردستانی کردووە، بۆ نزیکبوونەوە و دۆستایەتی لەنێوان هەر دوو گەلی کوردستان و پاریس.
 
رۆژێکی خۆشە و دەرفەت بوو کە ئێمە زۆر دۆستی خۆشەویستی خۆمان ببینینەوە. پیشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی ئەنجام دا، بەڵام ئەم رێزلێنانەی ئەمڕۆ ئێوە بۆ پێشمەرگەتان کرد، رێزگرتنە لە خەباتی پێشمەرگە و تەدویجە بۆ دۆستایەتیی نێوان گەلی فەرەنسا و کوردستان.
 
 جەخت لەوە دەکەمەوە کوردستان هەموو کات شوێنی پێکەوەژیان دەمێنێت، پێشمەرگە هەمووکات پارێزەری مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی دەبێت. لە شەڕی داعشدا 11 هەزار پێشمەرگە بوونە قوربانی وەکو شەهید و بریندار، بەڵام سەروەرییەکی گەورەیان بۆخۆیان و گەلەکەیان تۆمار کرد.
 
ئەمڕۆ لە پاریس شوێنێکی لەو شێوەیە گرنگ بە ناوی پێشمەرگە دەکرێت، باخچەیەک بە ناو پێشمەرگە دەکرێت. ئەوە رێزلێنانێکی زۆر گەورەیە و بە دڵنیاییەوە دەڵێم، تاوەکو کوردێک مابێت، سوپاسگوزاری گەلی فەرەنسا دەبین و سوپاسی شارەوانیی پاریس دەکەین.
 
جێگەی خۆشحاڵییە هەڵوێستی حکومەتی فەرەنسا نەگۆڕدراوە بەرامبەر پرسی گەلی کوردستان، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئێمە چەند گۆڕانکاریمان بینی، سەرۆک چوون و سەرۆک هاتن، بەڵام هەڵوێستی فەرەنسا نەگۆڕدرا، هەڵوێستێکی دۆستانەی بەرامبەر گەلی کوردستان هەیە.
 
یەکەم سەرۆکی ئەورووپی سەرۆک میتران، یەکەم سەرۆک بوو کە سیاسییەکی کورد ببینێت، ئەویش ساڵی 1992 بوو و پێشوازی لە من کرد، ئەمە بۆ من سەربەرزییەکی گەورە بوو. یەکەم خانمی ئەورووپیش یان کەسێکی ئەورووپی کە من بینیم فرمێسک بۆ قوربانیی گەلی کوردستان بڕژێت، مادام میتران بوو ساڵی 1989.
 
فەرەنسا و پاریس و گەلی فەرەنسا لە دڵی گەلی کوردستاندان، بژی پاریس، بژی هەولێر، بژی دۆستایەتیی گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان. جەخت لەوە دەکەمەوە کە پێشمەرگە پارێزەری ئازادی و مافی مرۆڤ دەبن و پێشمەرگە بەشێکی فەرمییە لە رێکخراوی بەرگریی عێراقی و بەرگری لە هەموو عێراق دەکات دژی تیرۆریستان.
 
پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەرکی خۆی کە لەبری هەموو جیهان دژی تیرۆریستان شەڕ دەکات، ئەمە شەرەفێکی مەزنە بۆ پێشمەرگە، لێرەوە سوپاسی ئەو پێشمەرگانە دەکەم و سڵاو بۆ ئەو پێشمەرگانە دەنێرم.
 
جارێکی دیکە زۆر سوپاس بۆ هەمووان، زۆر رۆژێکی مێژووییە و بۆ من رۆژێکە کە تاوەکو مابم، لەبیرم ناچێتەوە.