لەسەر ڤیدیۆی کاکەییەک، هۆزێکی عەرەب پەنا بۆ دادگا دەبەن

رووداو دیجیتاڵ
 
گرتەیەکی ڤیدیۆیی، کە ناوەڕۆکەکەی باس لە دەنگۆى رفاندنی چەند کچێک دەکات گرژی دەخاتە نێوان کاکەییەکان و هۆزێکی عەرەب لە داقوق. دۆسیەکە چووەتە دادگە و هەردوولا جەخت لەسەر دانبەخۆداگرتن لە هاووڵاتیان دەکەنەوە.
 
سەرەتای ئەو ناکۆکییە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بوو کە لە 4ی ئەیلوولی 2025 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و کەسێک بەناوی عەلی عەبدولجەبار کە خۆی بە کاکەیی دەناسێنێت، باس لەوە دەکات کە لە کۆتایی 2017 چەند کچێکی عەرەب لە داقوق رفێنراون.
 
هۆزی بەنی عیز، کە یەکێکە لە هۆزە عەرەبییەکانی سنووری داقوق، لە هەمان رۆژی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە، راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەو پرسەیان بردووەتە بەردەم دادگە بۆ دەرکەوتنی راستییەکان، بەڵام داوایان لە هاووڵاتیانی ئەو هۆزە کردووە لە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دان بە خۆیاندا بگرن.
 
هەینی 5ی ئەیلوولی 2025، محەممەد ئیبراهیم ئاغا، کوڕی سەرۆک هۆزی کاکەییەکان لە عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسەی قسەکانی کردووە، کاکەییەکان لێی بێبەریین و نوێنەرایەتییان ناکات."
 
کاکەییەکان شەوی 4ی ئەیلوول، راگەیێندراوێکیان بە واژۆی ئیبراهیم مستەفا خەلیل ئاغا، سەرۆکی هۆزی کاکەییەکان لە عێراق بڵاوکردەوە و جەختیان لە هەڵوێستەکانیان دەکەنەوە لەبارەی پێکەوەژیان و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ هۆزە عەرەبییەکان و دەڵێت: "ئەوەی لەو ڤیدیۆیەدا دەرکەوتووە، کەسێکی نەخوازراوە و نوێنەرایەتیی هۆزەکەمان ناکات و ئەو ناو و زانیارییانەی باسی کردوون راست نین."
 
کوڕی سەرۆکی هۆزی کاکەییەکان رایگەیاند، ئاگاداری ئەوەن پرسەکە براوەتە دادگە، بەڵام بەڵگە نییە لەبارەی راستى قسەکان، کە ئەو کەسە کردوویەتی.