بەهۆی ئەگەری روودانی گرژی لەنێوان کورد و ئازەری رێگە نەدرا هاندەران بچنە یاریگەی ورمێ

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانی گرژی لەنێوان هاندەرانی دوو یانەی تۆپی پێی ورمێ و کرماشان، رێگە نەدرا هاندەران بچنە نێو یاریگەی ورمێ.
 
لە هەفتەی دووەمی خولی پلە یەکی تۆپی پێی ئێراندا، شەوی رابردوو یانەی نەوەدی ورمێ میوانداریی یانەی بێعسەتی کرماشانی کرد و یارییەکە بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
 
ئەو یارییە بێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەچوو. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی یانەی نەوەدی ورمێ بە یانەیەکی ئازەرییەکان ناسراوە و یانەی بیعسەتیش وەکو نوێنەری کوردستان لە خولی پلە یەکی ئێران ناوی دەرکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێ و هێزە ئەمنییەکان پێیانوابووە ئەگەر هاندەران بچنە نێو یاریگە، ئەگەری روودانی گرژی و ئاڵۆزی هەیە، بۆیە رێگەیان نەداوە هاندەران بچنە نێو یاریگە. 
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "هاندەرێکی زۆری کورد لە شاری ورمێ و شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە ئامادەبوون بۆ ئەوەی بچنە یاریگەی ورمێ بۆ پاڵپشتیکردن لە یانەی بیعسەت."
 
پێش بەڕێوەچوونی یارییەکە، لە پەیج و کەناڵە فەرمییەکانی یانەی بێعسەتدا چەند ڤیدیۆکلیپ بە زمانی کوردی لەبارەی کوردستانیبوونی ورمێ بڵاوکرابوونەوە.
 
یانەی بێعسەت هەفتەی رابردوو لە یاریگەی خۆی لە یانەیەکی پارێزگای مازەندەرانی بردەوە و چوارشەممەی داهاتووش میوانداری یانەی سایپای تاران دەکات. بەڕێوەبەری یانەی بێعسەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، تیپەکەیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی ئەم ساڵ لە خولی پلە یەکدا ئەنجامی باش بەدەست بهێنن و پلانیان داناوە بۆ ساڵی داهاتوو بۆ خولی پلە نایابەکانی ئێران سەربکەون.