گەنجێک لە بەنداوی مهاباد خنکا
رووداو دیجیتاڵ
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 05-09-2025 هاونیشتمانییەک کە بۆ مەلەکردن چووبووە نێو بەنداوی مهاباد، خنکا.
سەردار فەداکار، جێگری بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد بە میدیاکانی راگەیاند، ئەو کەسەی خنکاوە کوڕێکی گەنجی دانیشتووی شارەکەیە و بێ ئەوەی شارەزایی پێویستی لە مەلەکردن هەبێت، بە تەنیا چووەتە نێو بەنداو و خنکاوە.
بە گوتەی فەداکار، ئێوارەی ئەمڕۆ تیمەکانی مەلەوانی مهاباد هەوڵی زۆریان داوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە، بەڵام نەیانتوانیوە بیدۆزنەوە و بەهۆی ئەوەی شەو داهاتووە و لە تاریکیدا ناتوانن بەدوایدا بگەڕێن، تیمەکانیان گەڕانیان وەستاندووە.
میدیا خۆجێییەکانی مهاباد بڵاویانکردووەتەوە، ناوی ئەو کەسەی خنکاوە، بێهنام کەریمییە.
لە هاوینی ئەم ساڵدا سێ کەس لە بەنداوی مهاباد خنکاون. هەینی رابردوو 29ی ئاب، گەنجێکی 20 ساڵانی خەڵکی سەقز لە بەنداوەکەدا خنکا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە.
بەنداوی مهاباد یەک کیلۆمەتر لە نێوشاری مهاباد دوورە و کەسانێک بۆ مەلەکردن دەچنە ئەو بەنداوە، ئەوە لە کاتێکدایە مەلەکردن تێیدا قەدەخەیە و لە دەوروبەری بەنداوەکە چەندین تابلۆ داندراون کە لەسەریان نووسراوە، "مەلەکردن قەدەخەیە" و داوا لە خەڵک کراوە لە ئاوی بەنداوەکە نزیک نەبنەوە.