رەحمان غەریب: میترۆ سەروپێخانە نییە تاوەکو حیزبێک لەسەر دەرگاکەی بنووسێت "دامانخست"

 
رووداو دیجیتاڵ

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، "لە پاش هێرشە خوێناوییەكەی سەر لالەزار، چەند جارێك دیداریان لەگەڵ كردووم، سوپاسی ئەو كەناڵانە دەكەم و ئێستاش وەڵامم بۆ پرسیارەكانیان وەك خۆیەتی و لە یەک دێڕیش پەشیمان نیم." دەشڵێت، "رێكخراوەكەمان بە پارەی سیاسی بەڕێوەناچێت تاوەکو دەستوەردان لە كارەكانی بكرێت."
 
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ لە فەیسبووکەکەی خۆی نووسیویەتی، "من نائومێد و بێدەنگ نیم و نابم، توڕەم لەم واقیعە؛ ناڕازیم لەوەی رووی لوولەی تۆپخانە و زرێپۆش بكرێتە رۆڵەی كورد، هاوار بكەم كە جارێ خێزان هەیە تەرمی رۆڵەكانی وەرنەگرتوونەتەوە تاوەکو پرسەی بۆ دابنێن، بێزارم و دەنگم بەرزە كە رۆژنامەڤان و رەخنەگر بخرێتە كونجی زیندان."
 
رەحمان غەریب باس لەوە دەکات، ناتوانێت بێدەنگ بێ کاتێک "زیندان دەبێتە شوێنی سەركردەكانی ئۆپۆزیسیۆن و چالاكوانی مەدەنی و سیاسی. كێ ئەم ستەمەی بەناوی كوردایەتی قبووڵە، پیرۆزی خۆی بێت. من قبووڵم نییە و قسەی خۆم دەكەم، وەك دەیان هاوڕێی دیکەم لە چالاكڤان و رۆژنامەڤانان."
 
رەحمان غەریب دەڵێت، "بڕوای تەواوم هەیە كە نابێت بە هەر پاساوێك بێت لە ئاست پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بێدەنگ بین"؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "بەشێكی چیرۆكەكە ئەوەیە هەندێک لە دەربڕینەکانی خۆم تێكەڵ بە هەڵوێستی میترۆ بوون، بەو واتایەی گوتاری رێكخراوی میترۆ جیاوازە و هەوڵ بدەین گوتار و رەخنەی سیاسی تێكەڵی یەكدی نەبن، ئەو فشارانەی سەر رێكخراوەكەیش كەمبێتەوە، بەشەكەی دیکەش لای چەند هاوڕێیەكم پارێزراوە."
 
لەبارەی پاڵپشتی دارایی سەنتەرەکەیان، رەحمان غەریب نووسیویەتی، "ئێمە رێكخراوێكی ناسراوی وەك  IMSی دانیماركی پاڵپشتی داراییمان دەكات، دەیان و سەدان هاوبەشی لە ئاستی عێراق و ناوخۆی خۆمان و دەرەوە هەیە. میترۆ سەروپێخانە نییە تاوەکو حیزبێك لافیتەیەک بە دەرگاكەیەوە هەڵبواسێ و بنووسێ دامانخست. رێكخراوەكەمان بە پارەی سیاسی بەڕێوەناچێت تاوەکو دەستوەردان لە كارەكانی بكرێت."
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ رەحمان غەریب رایگەیاند، بۆ ماوەیەک لە سەنتەرەکە دووردەکەوێتەوە.
 
رەحمان غەریب لە فەیسبووکەکەی خۆی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی دیاری محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە نووسیویەتی، "هیوادارم لەم ماوەیەی دورکەوتنەوەم لە سەنتەری میترۆ کە نازانم چەند دەخایەنێ، [دیاری محەممەد] بتوانێ دڵسۆزانە کارەکانی سەنتەر بکات."
 
سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2009 دامەزراوە و دەڵێ، ئەرکەکەی داکۆکیکردنە لە مافی رۆژنامەڤانان و ئازادی رادەربڕین.
 
سەنتەرەکە ناوەندی سەرەکی لە شاری سلێمانییە، لە یەک مانگی رابردوودا چەند جارێک هەڵوێستیان هەبووە دژی داخستنی کەناڵی ئاسمانیی زووم، کە خاوەنداری بۆ لاهوور شێخ جەنگی دەگەڕێتەوە، هەروەها لەسەر پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەڤانان و چالاکڤانانی مەدەنی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام راگەیێندراویان هەبووە.