قایمقامی سۆران: دەروازەی زێت بە هاوئاهەنگیی پارێزگای وان فراوانتر دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە سەرۆکایەتیی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاندێکی یاوەری سەردانی ژووری بازرگانیی پارێزگای وانی باکووری کوردستانی کرد. قایمقامی سۆران، کە ئەندامێکی شاندەکەیە، دەڵێت، "باس لە فراوانکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە دەروازەی زێت کرا."
فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی زێت بڵاویکردەوە، "کۆبوونەوەکی گرنگ لەنێوان هەردوولا کرا کە چۆنییەتی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان، تەوەری سەرەکی بوو."
فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی زێت ئاماژەی بەوە کردووە، "لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایەسەر فراوانکردنی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، بەشێوەیەکی مۆدێرن و ستاندارد."
رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران بە رووداوی گوت، "لە پارێزگای وان لەگەڵ ژووری بازرگانی کۆبوونەوەمان کرد و بەڵێنیان دا لە سنووری خۆیانەوە خزمەتگوزاری زیاتر بگەیێننە دەروازەی زێت و بە هاوئاهەنگیش کاری فراوانکردنی زیاتری دەروازەکە دەکەین."
رەجەب زوبێر گوتی، "لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە چەندین خزمەتگوزاری گەیێندراوەتە دەروازەکە، جگە لە قیرتاوکردنی رێگەکەی، چونکە دەروازەی زێت بە رێگەیەکی سەرەکی پەیوەندییە بازرگانییەکان و پێشخستنی بواری ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا دادەنرێت."