لە دوو مانگدا، 175 چەکی قەرەبوو بۆ ئاوارەکانی 140 لە نەینەوا خەرج کراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ماوەی نزیکەی دوو مانگدا، دوای کاراکردنەوەی نووسینگەی ماددەی 140 لە نەینەوا، 175 چەکی قەرەبوو دراوەتە ئەو هاونیشتمانییانەى لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس لەو سنوورانە راگوێزراون.
 
هەردی ئەحمەد، بەڕێوەبەرى نووسینگەی نەینەوای ماددەی 140، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو چەکی قەرەبووانە دراونەتە ئاوارەکانی شنگال، مەخموور، شێخان و دەشتی نەینەوا، کە پێشتر مامەڵەیان هەبووە و چەکەکانیان وەرنەگرتووە". گوتیشی، "قەرەبووەکە بۆ ئەم قۆناخە، ئەوانە دەگرێتەوە کە تاوەکو ساڵی 2013 مامەڵەکانیان تەواو کردووە و قەرەبوو نەکرابوونەوە."
 
لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی نەینەوای ماددەی 140 دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە داخستنی، بەهۆی شەڕی داعش لەو پارێزگایە، کارا کرایەوە.
 
بەڕێوەبەرى نووسینگەی نەینەوای ماددەی 140 رایگەیاند: "نزیکەی 20 هەزار مامەڵەی قەرەبووکردنەوە هەیە کە کار لەسەر نوێکردنەوەی داتاکانیان دەکرێت بۆ ئەوەی چەکی قەرەبوویان بۆ بکرێت. قۆناخی دواتر دەست بە وەرگرتنی مامەڵەی نوێ دەکەین."
 
بە گوێرەی ماددەی 140، هەر خێزانێکی ئاوارە 10 ملیۆن دینار و عەرەبی هاوردە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرن.
 
هەردی ئەحمەد گوتی: "ئەو عەرەبانە لەو ناوچانە نەماون، کە پێشتر زەوییەکانیان داگیرکردبوو."