ئەم ساڵ زیاتر لە 600 هێکتار دارستان و لەوەڕگەی لوڕستان سووتاون
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سامانە سرووشتییەکان و سەرچاوەکانی ئاوی لوڕستان دەڵێت، لە سەرەتای نەورۆزەوە، بەهۆی 65 ئاگرەوە، 600 هێکتار لەوەڕگە و دارستانەکانی پارێزگاکە سووتاون.
ئەمڕۆ هەینی 05-09-2025، بەهروز دیرەکوەند، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سامانە سرووشتییەکان و سەرچاوەکانی ئاوی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵێک ئاماری تایبەت بە ئاگرکەوتنەوەی دارستان و لەوەڕگەی لە سنووری پارێزگاکە خستەڕوو.
بەگوتەی بەهروز دیرەکوەند، لە سەرەتای نەورۆزەوە (21-03-2025)، 65 جار ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگاکە کەوتووەتەوە، کە بەشێکیان بە دەستی ئەنقەست بوون.
وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سامانە سرووشتییەکان و سەرچاوەکانی ئاوی لوڕستان گوتی، لەو ماوەیەدا 646 هێکتار لەوەڕگە و دارستان سووتاون، کە زیاتر ناوچە شاخاوییەکانی کۆیەشت، دلفان و خوڕەمئاوایان گرتووەتەوە.
بەهروز دیرەکوەند دەڵێت، بەراورد بە هەمان کاتی پار، سووتانی دارستانەکان کەمی کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی سامانە سرووشتییەکان و سەرچاوەکانی ئاوی لوڕستان، پار (ساڵی هەتاوی)، چوار هەزار و 771 هێکتار لەوەڕگە و دارستان لە سنووری پارێزگاکە سووتاون.
نزیکەی 75%ی رووبەری پارێزگای لوڕستان، کە دەکاتە دوو ملیۆن و 200 هەزار هێکتار، دارستان و لەوەڕگەیە.
هۆکارە مرۆییەکان هۆکاری بەشی زۆری سووتانی دارستانەکانن، بەڵام هۆکارە سرووشتییەکانیش رۆڵیان لە سووتانیاندا هەیە.