گۆڕان ئامادەکاری بۆ کۆنفراس دەکات و هەڵوەشانەوە رەتدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئاراستەکانی گەڕەکی کوردسات و گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان بە جیا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ بەستنی کۆنفرانس. ئەندامێکی جڤاتی حیزبەکە دەڵێت، "دەبێت پێش کۆنفرانس هەردوو لایەن پێکبێین."
 
بەرپرسێکی باڵا لە ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی گەڕەکی کوردسات) ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمیسیۆن دوایین رۆژی بۆ بەستنی کۆنفرانسمان دیاریکردووە، بەڵام نەیگوتووە لەو رۆژەدا کۆنفرانس نەکرێت، حیزبەکە هەڵدەوەشێتەوە."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 26-12-2025ی وەکو دوایین کات بۆ کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکردووە.
 
ئەو بەرپرسەی گۆڕان گوتی، "ئێمە هەموو هەوڵەکانمان دەستپێکردووە پێش ئەو وادەیەی کۆمیسیۆن کۆنفرانس بکەین، بۆ ئەوەش جەنابی رێکخەری گشتییمان کاک دانای ئەحمەد مەجید سەرقاڵی سەردانی شار و شارۆچکەکانە بۆ یەکخستنەوەی گۆڕانخوازان بۆ کۆنفرانس."
 
هەر ئەمڕۆ نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی گردی زەرگەتە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کاتەی دیاریکراوە وەکو دوامۆڵەتە بۆ کۆنفرانس و باسی هەڵوەشاندنەوە نەکراوە، بەڵام دەبێت تاوەکو ئەوکاتە حیزبەکە بەلایەکدا بکەوێت، یان ببێتە دوو بەش یان پێکەوە کۆنفرانس بکەین."
 
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆران لەبارەی ئامادەکارییەوە بۆ کۆنفرانس گوتی، "هەردوو لایەنمان بە جیا ئامادەکاری دەکەین، بەڵام دەبێت پێش کۆنفرانس لەنێوخۆدا پێکبێین، ئەگەر وانەبێت وەکو جاری پێشوو کۆنفرانس ناکرێت و تێکدەچێت، چونکە کە سازان نەبێت دەستوەردان تێیدا رێگەی کۆنفرانس نادات."
 
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی لەشاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هەردوو ئاراستەکەوە، بێ ئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق  پەسندی نەکرد.
 
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان، ناکۆکییان لەسەر دەستووری بزووتنەوەکە هەیە، لە گردەکە دەڵێن بەپێی دەستوورەکەیان نابێت لە کۆنفرانس رێکخەر هەڵبژێردرێت، ئاراستەکەی دیکە دەڵێن، مەرجی کۆمیسیۆنە رێکخەر هەڵبژێردرێت.
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕانی ناچار کردووە، تەنیا ئەو ئەندامانە بەشداری کۆنفرانسەکەی بکەن کە ناویان لە ساڵی 2017 تۆمار کراوە زیاترن لە دوو هەزار و 100 ئەندام؛ ئەوانەش ئێستا بەسەر دوو ئاراستە دابەشبوون، جگە لەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بوون و بەشێکیش چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکە.
 
هەردوو لایەنە ناکۆکەکەی گۆڕان پێشتر کۆنفرانسی جیایان بەستوو سەرکەوتوو نەبوون، لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد. هەروەها ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێ نەدرا.
 
بە گوێرەی دەستووری نێوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتیی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
 
جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی".