ئەحمەد سەحاف: بەمنزیکانە 41 کۆچبەری کورد لە لیبیا دەگەڕێندرێنەوە کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، تاوەکو ئێستا 68 کۆچبەری عێراقییان لە لیبیاوە گەڕاندووەتەوە و 41 کۆچبەری دیکەش ئامادەن بۆ گەڕانەوە. سەحاف دەڵێت، زۆرینەی کۆچبەرەکان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و بە دیاریکراوی خەڵکی قەزای رانیەن.
 
رۆژی شەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس، میوانی بوڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو بوو. لەگەڵ شەهیان تەحسین، بێژەری بوڵتەنەکە گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی کۆچبەرانی کورد کرد لە لیبیا. سەحاف ئاماژەی بەوە کرد باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس لە 23ـی کانوونی یەکەمی 2023، دوای نزیکەی 10 ساڵ لە داخستنی بەهۆی بارودۆخی لیبیاوە کراوەتەوە و یەکێک لە کارە لەپێشینەکانیان پرسی کۆچبەرانی عێراقی بووە.
 
بە گوتەی سەحاف، زۆرینەی کۆچبەران خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بەشی هەرە زۆریان خەڵکی پارێزگای سلێمانین و لەنێو ئەوانیشدا زۆرینەیان خەڵکی قەزای رانیەن. هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق دەڵێت، پرۆسەی کۆچی نایاسایی بە شێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی گرووپەکانی واتسئاپ، فەیسبووک و ئەپڵیکەیشنەکانی دیکەوە دەستپێدەکات.
 
سەحاف، گوتیشی: "ئێمە لە لیبیا رۆژانە هەواڵی بوونی دەیان گەنجی عێراقیمان پێدەگات. لیبیا هێشتا وڵاتێکە لە قۆناخی خۆڕێکخستنەوەدایە و کێشەی ئەمنی و دابەشبوونی دامەزراوەیی لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵاتەکەدا هەیە."
 
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس، رایگەیاند: "تاوەکو ئەم کاتە 68 کۆچبەری عێراقیمان گەڕاندووەتەوە و ئێستاش 41 کۆچبەری دیکە بە تەواوی ئامادەن بۆ گەڕانەوە."
 
سەحاف، ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکانیان بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و ئاراستەکردنی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەیە. هەروەها ستایشی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دیاریکراوی لە رێگەی بەڕێز سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پاڵپشتیی ئەم پرسەیان کردووە و بلیتەکانی گەشتیان بۆ کۆچبەران دابین کردووە."
 
ئەحمەد سەحاف، باسی لە رزگارکردنی دوو گرووپی کۆچبەران کرد کە یەکێکیان 5 کەس و ئەوی دیکەیان 13 کەس بوون و گوتی: "ئەوان لە ناوچەی زارییە لە کەناراوەکانی دەریا بوون، کە ناوچەیەکی ئارام نییە و تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانی بە مرۆڤەوە تێیدا بەربڵاون. ئێمە بە هەوڵێکی تایبەت و ناوازە و بە 'هێزی نەرم' توانیمان بە یارمەتیی دەزگا ئەمنییەکان لەو ناوچەیە دەریانبهێنین."
 
سەحاف، رەخنەی لەو خێزانانە گرت کە پارە بۆ رۆڵەکانیان دەنێرن تاوەکو گەشتی کۆچەکەیان تەواو بکەن و گوتی: "بۆچی خێزانە بەڕێزەکان پارە بۆ ئەو تۆڕانە دەنێرن تاوەکو رێگە بە رۆڵەکانیان بدەن جارێکی دیکە لەلایەن ئەو تۆڕانەوە دەربچن؟"
 
گوتیشی: "من بە دەیان پەیوەندیم لە خێزانەکانەوە پێدەگات کە کوڕەکانیان کۆچیان کردووە و داوام لێدەکەن ڕێگە نەدەین کوڕەکانیان بگەڕێنەوە، بەڵکو رێگەیان بدەن گەشتەکەیان بۆ ئەورووپا تەواو بکەن. چۆن ئازادیان بکەین؟ ئێمە هێزی نەرممان هەیە و لە ڕێگەی گفتوگۆوە هەوڵدەدەین لە مەترسییەکان ئاگاداریان بکەینەوە، چونکە چارەنووسی بەلەمەکانی ناو دەریا مردنە."
 
ئەحمەد سەحاف، رایگەیاند کە ئێستا 41 کۆچبەری عێراقی لە سەنتەری داڵدەدانی کۆچبەران لە ناوچەی تاجوڕا لە رۆژئاوای تەرابلوس ئامادەن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە. هەروەها گوتی: "بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، ئێمە هێشتا بەدوای چارەنووسی نزیکەی 40 کۆچبەری دیکەی عێراقیدا دەگەڕێین تاوەکو بزانین چییان بەسەرهاتووە و چۆن لە هەندێک ناوچەی کەناراوی رۆژئاوای تەرابلوس دەرچوون."