عەلی حوسێن: بەغدا پابەندی دەستوور و رێککەوتنەکانی نێوانمان نەبووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە داوا لە دەنگدەران دەکات بۆ وەرگرتنی مافەکانی گەلی کورد لە بەغدا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بەرپرسی رێکخستنی پارتیش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێ: "بەغدا پابەندی دەستوور و رێککەوتنەکانی نێوانمان نەبووە".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 05-10-2025، عەلی حوسێن، بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بۆ ناساندنی بەربژێرانی حیزبەکەی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''بێگومان حیزبی سیاسی ئامرازە بۆ بەدستهێنانی ئامانجی گەورەتر؛ ئامانجەکەش ئازادی و دیموکراسییە.''
 
عەلی حوسێن ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی: ''لەدوای ساڵی 2011، بەهۆی پابەندنەبوونی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە جێبەجێکردنی دەستوور و رێککەوتنەکانی نێوانمان، ناکۆکییەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا سەریان هەڵدا.''
 
بەگوتەی بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ''هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان'' لەگەڵ عێراق رێککەوتبوو، ''بەڵام ئەوان جێبەجێیان نەکرد و بەردەوام لەو ماوەیەدا گرفتمان هەبووە.''
 
عەلی حوسێن گوتی: ''شانازی دەکەین هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان [لە بەغدا] پێداگر بوون لەسەر مافە دەستوورییەکان''.
 
بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی: ''بۆ دەنگدان پێویستە خەڵک خوێندنەوەیان هەبێت کە کامە لایەن داکۆکی لە مافەکانیان دەکات. بۆیە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین، دەنگ بەو کەسانە بدەن کە دەبنە پارێزەری راستەقینەوی مافی کورد لە بەغدا.''
 
عەلی حوسێن دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش ''وەک پێشوو پێداگری دەکات لە جێبەجێکردنی مادەی 140و هەموو مافە رەواکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.''
 
لە بانگەشەکەدا ئەشواق جاف، سەرۆک لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری سلێمانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''پارتی باوەڕی پتەوی بە بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان هەیە و ئەم سێ چەمکەمان کردووەتە دروشمی سەرەکیمان.''
 
ئەشواق جاف گوتی: ''لە داهاتوودا جیدیتر و بە هەڵوێستتر شەڕ بۆ مافە دەستوورییەکانمان دەکەین. بە هەمان ستراتیژیی پێشوو، بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور هەنگاو دەنێین، قەوارەی هەرێمی کوردستان دەپارێزین و بنەما راستەقینەکانی هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی بەدیدەهێنین.''
 
سەرۆک لیستی پارتی لە سنووری سلێمانی داوا لە سەرجەم دەنگدەران دەکات، رۆژی هەڵبژاردن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لە بەغدا بەشدار بن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
رۆژی هەینی 03-10-2025 بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد کە بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێ. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.