لە نەینەوا بەبۆنەی جەژنی جەماوە هەفتەیەک کرایە پشوو

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری نەینەوا بڕیاریدا بەبۆنەی جەژنی جەماوە هەفتەیەک پشوو بداتە کوردانی ئێزدیی سنووری پارێزگاکە. پشووەکە سبەی دووشەممە 6ی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات.
 
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، پشووەکەی لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، پشووەکە کوردانی ئێزدی دەگرێتەوە و بە بۆنەی جەژنی جەماوەیە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، "پێشتر داواکاریمان بۆ ئەم پشووە بۆ کوردانی ئێزدی پێشکێش کردبوو، بۆ ئەوەی خوشک و برایانی ئێزدی رێوڕەسمە ئاینییەکانیان جێبەجێ بکەن."
 
جەژنی جەما یەکێکە لە جەژنەکانی کوردانی ئێزدی و لە مانگی 10 دەستپێدەکات و ماوەی 7 رۆژ دەخایێنێت. چەندین رێوڕەسمی ئایینی کوردانی ئێزدی لەم جەژنەدا بەڕێوەدەچن. کە پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە سەرتاسەری جیهان روو لە پەرستگەی لالش دەکەن.
 
رێورەسمەکانی جەژنی جەما هاوشێوەی رێورەسمەکانی حەجە لە ئایینی ئیسلامدا، چۆن لە ئیسلامدا ئاوی زەمزەم هەیە، بە هەمان شێوە ئاوی کانیی سپی لە لای کوردانی ئێزدی پیرۆزە.
 
بەپێی ئایینی ئێزدی، هەموو ئێزدییەک دەبێ لە ژیانیدا جارێک بە ئاوی کانیی سپی مۆر بکرێت، هەروەها ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، ساڵانە دەگەڕێنەوە و بە ئاوی کانییەکە خۆیان مۆر دەکەن. جگە لەوەش ئەو کەسانەی لە دەستی داعش رزگاردەکرێن، بە ئاوی کانییەکە مۆر دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی "خودا لە تاوانەکانیان خۆشبێت".
 
رێورەسمەکان بەسەر 7 رۆژی ئەم هەفتەیە دابەش دەکرێن، رۆژی یەکەم رێوڕەسمی بەیتی ئێوارە و سەمای ئایینی بەگوێرەی ئایینی ئێزدی بەڕێوەدەچێت.
 
رۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرستگەی لالش بە راکردن بەڕێوەدەچێت. رۆژی سێیەم و چوارەم ئەم رێوڕەسمانە دووبارە دەکرێنەوە. رۆژی پێنجەم رێورەسمی 7 پەری بەڕێوەدەچێت. لەم رۆژەدا 7 کچ وەکو 7 پەری دەڕازێنرێنەوە بە جلی سپی، وەکو ئاماژەیەک بۆ 7 فریشتەی ئاسمان.
 
رۆژی شەشەم، رێورەسمی "قەباغ" بەڕێوەدەچێت. لەم رێورەسمەدا گایەک سەردەبڕن و وەکو قوربانی بۆ خوداوەندی رۆژ. گۆشتەکەی دەبێتە زادێکی پیرۆز و پێیدەڵێن سمات.
 
رۆژی حەوتەم رێورەسمی "بەربەرسوارکردن" بەڕێوەدەچێت، بە مانای ئەوەی رێورەسمی جەژنەکە تەواوبووە.
 
دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر شنگال، ئەنجوومەنی رووحانی کوردانی ئێزدی ئەم جەژنەیان نەکرد، بۆ ماوەی 4 ساڵ رێوڕەسمەکانی ئەم جەژنە راوەستان. دوای ئەوە یەکەم جەژن لە ساڵی 2018 کرایەوە و دواتر ساڵانە بەردەوام بوو.