مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی رەوەندی کوردی نیشتەجێی ئەورووپا کرد
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی رەوەندی کوردی نیشتەجێی ئەورووپا کرد کە لە 100 گەنجی کورد و ژمارەیەک گەنجی بیانی پيکهاتبوو.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دیدارەکە دەڵێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی رەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات کرد لە ناساندنی زیاتری پرسی کورد و پشتیوانیکردنی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، مەسرور بارزانی داوای لە گەنجانی کورد کرد "پارێزگاری لە کولتوور، زمان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن و ببنە پردی پەیوەندیی لەگەڵ کوردستان."
مەسرور بارزانی داوایشی کرد، "نموونەیەکی باش، جوان و سەرکەتوو بن لە نێو ئەو کۆمەڵگانەی تێیدا دەژین و سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن کە لە دەرەوە هەن بۆ خۆپێگەیاندن و پێشخستنی تواناکانیان."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکیشی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەرتەکاندا لەپێناو بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.