دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کەرکووک پێداویستیی خوێندن دەبەخشێتە 1300 قوتابی
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جانتا و کەرەستەی دیکەی خوێندنی بەسەر قوتابییانی کەرکوودا دابەش کرد. بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگا خێرخوازییەکە دەڵێت: ''هاوکارییەکە گەیشتووەتە دەست هەزار و 300 قوتابی لە 9 قوتابخانە.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 05-10-2025، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کەرکووک، هەزار و 300 جانتا و کەرەستەی خوێندنی بەسەر قوتابییانی خوێندنی کوردیدا دابەش کرد. رێبوار محیەدین، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگا خێرخوازییەکە بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''چالاکییەکە بە هاوئاهەنگیی بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک کراوە.''
بەگوتەی رێبوار محیەدین، ''بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان، 9 قوتابخانە لەلایەن بەشی خوێندنی کوردییەوە دەستنیشان کران کە کەوتوونەتە گەڕەکی کوردستانی شارەکە.''
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگازی خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، وەک قۆناخی دووەمی هاوکاریکردنی قوتابییان، چەندین قوتابخانەی دیکە لە گەڕەکێکی دیکەی شاری کەرکووک دەستنیشان دەکرێن.
هاوکارییەکان بریتین لە جانتا، پێنووس، تێنووس و کۆمەڵێک کەلوپەلی دیکەی پێویست بۆ خوێندنی قوتابییان.