وەزارەتی پێشمەرگە: دووشەممە دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، سبەی دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی هاوپەیمانان دەکرێت بۆ مانگی 9.
وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 9 خرایە سەر هەژماری وەزارەتەکە، رۆژی دووشەممە، 06-10-2025، دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکە دەکەن.
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، زیاتر لە 97٪ـی پلەدار و پێشمەرگە لەڕێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من' هاوکارییەکە وەردەگرن، ئەوانی دیکەش لە رێگەی سیستمی بانکییەوە هاوکارییەکە وەردەگرن.
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە:
ئەمڕۆ 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى (9) تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى بودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى) دەستدەکرێت بە ئەنجامدانی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی دووشەممە، بەرواری (6)ی ئۆکتۆبەر دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
لەم مانگەدا، نزیکەی (97٪) ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستمی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی تریش لە رێگەی سیستمی بانکییەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.