سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابین بۆ ناردنی داهاتی نانەوتی
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێ، چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانن لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ ئەوەی داهاتی نانەوتی بخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
رۆژی یەکشەممە، 05ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چاوەڕێی بەغدا دەکەین. هەر کاتێک بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 8ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان درا، داهاتی نانەوتی دەخەینە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق".
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەمموز 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی خستەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
بڕی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئاب یەکلایی نەکراوەتەوە و چاوەڕێی گفتوگۆی شاندەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێ بە 100 تاوەکو 120 ملیار دینار دابنرێ.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "دوای ئەوەی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاب درا، لە ماوەی یەک بۆ دوو رۆژدا داهاتی نانەوتی دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق".
23-09-2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاری دا مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.