بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە ئاگری بەنزینخانەکەدا 13 کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێ، سبەی راپۆرتی لیژنەکەیان لەبارەی زیانە مادییەکانی ئاگری بەنزینخانەکە تەواو دەبێ. ئاماژە بەوەش دەکات: "13 کەس لە ئاگرەکەدا بریندار بوون، دووانیان کارمەندی خۆمانن".
 
رۆژی شەممە، 04-10-2025، ئاگرێکی گەورە لە بەنزینخانەی (لاپ) لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر کەوتەوە. بەنزینخانەکە بەنزینی حکومیی 750 دیناری دابەش دەکات و لەکاتی بەتاڵکردنەوەی سووتەمەنیدا ئاگرەکە کەوتەوە. ئەوکات گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بە هۆکاری رووداوەکە کرد و گوتی: "شێوەی بەتاڵکردنی بەنزینەکە هەڵە بووە".
 
رۆژی یەکشەممە، 05ـی تشرینی یەکەمی 2025، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەمان رۆژ لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان پێکهێندرا. بڕیارە سبەی زیانە مادییەکان بە راپۆرتێک لەلایەن لیژنەکەوە رابگەیێندرێ".
 
شاخەوان سەعید گوتی، لە ئاگرەکەدا "13 کەس بریندار بوون. دوو لەوانە کارمەندی بەرگریی شارستانی بوون، بەڵام تەندروستییان باشە".
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر باسی لەوەشی کرد: "یەک تەنکەر، دوو بۆ سێ کۆگە و چوار ئۆتۆمبێل سووتاون".
 
جگە لە بەنزین، وێستگەکە شوێنی دابەشکردنی گازی LPGـیش بووە. دوێنێ شاخەوان سەعید گوتی: "بەنزین، گاز و موەلیدەکانی کارەبا نزیک بوون لە یەکدی و گومان دەکەین لەکاتی بەتاڵکردنی بەنزینەکەدا شۆرتێک (شەرارەیەک) دروست بووبێت".
 
ئاگرەکە لەلایەن 11 تیمی بەرگریی شارستانییەوە بە کەمتر لە 35 خولەک کۆنترۆڵ کرا.