ئامینە زکری بۆ رووداو: بەغدا رادەستی خەڵکێکی لاواز ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: بەهێزەوە بەشداری لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەکەن و گوتیشی، "بەغدا رادەستی خەڵکێکی لاواز ناکەین."
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئامینە زکری، قسەی بۆ بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە گوتی، "پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە، لە رووی رێکخستنیشەوە ئامادەکاریی زۆر باش کراوە، هەموو میحوەر و بازنەکان کاری خۆیان دەکەن."
ئامینە زکری گوتی، "پارتی پشت ئەستوورە بە مێژووی پڕ سەوروەریی خۆی و دەنگی جەماوەریی کوردستان. ئێمە بە ئەوپەڕی متمانە بەخۆبوون بەشداریی لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا دەکەین و ئامادەکاریش دەکرێت بۆ ئەوەی ئاهەنگێکی دەستپێک بۆ بانگەشە ساز بکەین."
ئامینە زکری، باسی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدای کرد و بە باشی زانی پارتی (کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لایە) بەهێزەوە بچێتە نێو ململانێی هەڵبژاردنەوە و گوتی، "سەرەڕای هەموو ئاڵۆزییەکان و ئەو گرفتانەی حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانی دروست کرد، ئێمە لەو باوەڕەداین دەبێ پارتی بە سەنگ و هێزێکی گەورە بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکات. داوا لە هەموو جەماوەر و خەڵکی خۆشمان دەکەین کە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە و کێشەیەکی قووڵمان لەگەڵ بەغدا هەیە، ئەویش بابەتی جێبەجێ نەکردنی دەستوور و مافی رەوای خەڵکی کوردستانە، بۆیە درووشمی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە چوارچێوەی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازاندایە، کە سێ بنەمای سەرەکین."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، کێشەی نێوان هەولێر و بەغدای بە "قووڵ" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو کێشەیەی من باسمکرد لەگەڵ عێراق، زۆر قووڵە، دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراق لە دوای سەدام لەسەر سێ بنەما بووە، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەگەڵ سەرکردایەتیی ئەوکاتی عێراق لەسەر دەستوور رێککەوتوون کە لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازاندایە. کێشەی بنەڕەتیی عێراق کاتێک چارەسەر دەبێت کە ئەو سێ بنەما دەستوورییە جێبەجێ بکرێن."
بە گوتەی ئامینە زکری، پارتی باوەڕێکی زۆری بە جەماوەری خۆی هەیە، "لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش دەبێ سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان بزانن، نابێ سەنگ و پێگەکەی لەسەر بنەمای کورسی بێت، بەڵکو پێکهاتەیەکی سەرەکی و کیانێکی دەستووریی هەیە و دەبێ وەکو پێگە دەستوورییەکەی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."
بە بڕوای ئامینە زکری، کێشەی سەرەکیی هەرێمی کوردستان ئەو سێ بنەمایە (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) و جێبەجێ نەکردنی دەستوورە، بۆیە ئەوە بووەتە بنەمای بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی، "هاوبەشییەکی راستەقینەی عێراقمان دەوێت، هاوسەنگی و سازانمان دەوێت بۆ دەرچوواندنی یاسا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێ زۆرینە و کەمینە نەکرێنە پێوەر، بەڵکو دەبێ پێگەی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "ئێمە داکۆکیی لەسەر ئەوە دەکەین کە لە بەرژوەندیی خەڵکی کوردستاندایە، لە هەرجێیەکی مافی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەبێت، پارتی بە هێزەوە لەوێ بەشدار دەبێت، بۆیە ئێمەش داوا لە دەنگدەری خۆمان دەکەین بە هێزەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، تاوەکو پرسی کورد و کێشەی هەولێر و بەغدا هەبێت، پارتی ئامادەیی دەبێت. پارتی دەمڕاستی پرسی کورد و کوردستانە، بۆیە ئێمە بەغدا رادەستی خەڵکێکی لاواز ناکەین، بۆ کێشەکانیش پشت ئەستوورین بە دەنگدەری خەڵکی کوردستان."
ئامینە زکری، لە رێگەی رووداوەوە داوای لە خەڵک و لایەنە سیاسییەکان کرد، "بانگەشە لە کەشێکی ئارام و دیموکراسیدا بکەن بەبێ ناوزڕاندن. ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیارمان داوە لە کەشێکی ئارام و دیموکراسیدا بانگەشە بکەین، چونکە ئێمە ئەوەندە سەروەریمان هەیە و مێژوویەکی ئەوەندە پڕ سەروەریمان هەیە، ئەوەندە پرۆژەمان پێشکێشی خەڵکی کوردستان کردووە، پێویستمان بەوە نییە لە بانگەشەی خۆماندا ناوی لایەنی دیکە بزڕێنین. ئینشائەڵڵا وەکو جاران، میللەت متمانەمان پێدەداتەوە وەکو حیزبی یەکەم لە کوردستان و عێراق."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ئامینە زکری:
رووداو: کەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات؟
ئامینە زکری: کاتی ئێوە و هەموو بینەران باش. بە شێوەیەکی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەشەی خۆی دەستپێکردووە و ئامادەکاریی باش لە بواری رێکخستن کراوە و سەرجەم بازنەکان کاری خۆیان دەکەن. پارتیش پشت ئەستوورە بە مێژووی پڕ سەروەریی خۆی و دەنگی جەماوری کوردستان. بەوپەڕی متمانە بەخۆبوون بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکەین و هەموو ئامادەکارییەکیش دەکرێت بۆ ئەوەی ئاهەنگی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن رێکبخەین.
رووداو: دروشمی ئەمجارەی پارتی بۆ هەڵبژاردن چییە؟
ئامینە زکری: لەوانەیە ئەو پرسیارە لەلایەن دەنگدەری پارتی و خەڵکی کوردستانەوە بکرێ کە بۆچی سەرەڕای ئەو هەمووە ئاڵۆزی و کێشەیە لەگەڵ عێراق، خەڵکی هەرێمی کوردستان بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردنی عێراق بکەن. هەڵبەت سەرەڕای هەموو ئاڵۆزییەکان و هەموو ئەو کێشانەی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانی دروست کردووە، ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە کە دەبێ پارتی بەتایبەتی، بە سەنگ و هێزێکی زۆر گەورەوە بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردن بکات و بە هەموو جەماوەر و خەڵکی خۆشمان دەڵێین کە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە.
ئێمە کێشەیەکی قووڵمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەیە، ئەویش بەهۆی جێبەجێنەکردنی دەستوور و مافی رەوای خەڵکی کوردستان. بۆیە دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوبەشی، هاوسەنگی و سازانە لەو چوارچێوەیەدا، کە سێ بنەمای سەرەکین.
ئەوەی من گوتم کێشەیەکی گەلێک قووڵە لەگەڵ عێراق. پێکهێنانی عێراق لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس، لەسەر سێ بنەما بووە، سەرکردایەتیی سیاسیی ئێمە لەگەڵ سەرکردایەتیی ئەوکاتی عێراق لەسەر دەستوور رێککەوتوون کە لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بووە. بۆیە ئەو سێ بنەمایە کێشەی بنەڕەتیی عێراقە و دەبێ ئەو سێ بنەمایە دەستوورییە چارەسەر و جێبەجێ بکرێن.
بۆیە ئێمە باوەڕێکی زۆرمان بە گەلی کوردستان هەیە، لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش دەبێ سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان بزانن؛ نابێ سەنگ و پێگەکەی لەسەر بنەمای کورسی بێت، بەڵکو پێکهاتەیەکی سەرەکی و کیانێکی دەستووری هەیە و دەبێ وەک پێگە دەستوورییەکەی و وەک قەوارەی هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بۆیە کێشەی سەرەکیی ئێمە پرسی ئەو سێ بنەمایە و جێبەجێنەکردنی دەستوورە. ئەمە بووەتە بنەمای بانگەشەی هەڵبژاردنی ئێمە.
ئێمە هاوبەشییەکی راستەقینەمان لە عێراق دەوێت، هاوسەنگی و سازانمان دەوێ بۆ دەرچوواندنی یاسا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێ زۆرینە و کەمینە نەکرێنە پێوەر، بەڵکو دەبێ پێگەی هەرێم [ـی کوردستان] لەبەرچاو بگیرێ.
ئەو هاوبەشییەش دەبێ راستەقینە بێ، بۆ ئەوەی بتوانین عێراقێکی دیموکراسی و فیدراڵ [پێکبهێنین] و لەسەر بنەمای فیدراڵی، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن.
ئێمە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەین کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە، لە هەر شوێنێک مافی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەبێ، پارتی بە هێزەوە لەوێ بەشدار دەبێ، بۆیە ئێمەش داوا لە دەنگدەری خۆمان دەکەین کە پێویستە بە هێزەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، تاوەکو پرسی کورد و کێشەی هەولێر و بەغدا مابێت، پارتی ئامادەیی دەبێت. پارتی دەمڕاستی پرسی کورد و هەرێمی کوردستانە، بۆیە ئێمە بەغدا رادەستی خەڵکێکی لاواز ناکەین، بۆ کێشەکانی خۆشمان هەر بەو شێوەیەی ئاماژەم پێدا، پشت ئەستوورین بە دەنگدەری خەڵکی کوردستان.
بۆیە لە رێگەی کەناڵی ئێوەوە، داوا لە خەڵکی کوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەم کە بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و دیموکراسییانەدا، بەبێ ناوزڕاندن و قسەی نەشیاو بکرێت. ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارمان داوە کە بانگەشەیەکی ئارام و دیموکراسییانە [بەڕێوەدەبەین]، چونکە ئێمە مێژوویەکی پڕ سەروەریمان هەیە و ئەوەندە دەستکەوتمان هەبووە بۆ خەڵکی کوردستان، ئەوەندە پرۆژەمان پێشکێشی خەڵکی خۆمان کردووە، پێویستمان بەوە نییە لە بانگەشەی خۆماندا ناوی لایەنی دیکە بزڕێنین. بۆیە ئینشائەڵڵا وەک جاران، وەک هێزی یەکەم لە کوردستان و عێراق، میللەت متمانەمان پێدەداتەوە.