کەیسی شاسوار عەبدولواحید: سزا پێنج مانگییەکەی لەژێر لێکۆڵینەوەی دادگەی پێداچوونەوەدایە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بۆ دووەم جار دادگەییکردنی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر کەیسی دووەم دواخرا، سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: "سەردانی شاسوار عەبدولواحید و چاکسازیی گەورانی سلێمانیمان کرد، دادگە چاوەڕێی ئەنجامی دادگەی پێداچوونەوەیە."
رۆژی یەکشەممە، 05ـی تشرینی دووەمی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی باڵای دەستە بە سەرۆکایەتیی د. مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەکە و فەیزوڵڵا محەممەد، راوێژکاری دەستە، سەردانی شاری سلێمانییان کرد بۆ مەبەستی ئامادەبوون لە دادگەییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ.
شاندەکە بۆ مەبەستی بینینی شاسوار عەبدولواحید، سەردانی چاکسازیی گەورانی سلێمانییان کرد و لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کرد و گوێیان لە داواکارییەکانی گرت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوە کردووە، راستە لە رووی تەندروستی و شوێن و مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکانەوە کێشەم نییە، بەڵام کەیسەکەم کێشەی یاسایی هەیە و بە هیچ شێوەیەک یاسایی نییە، چونکە لە ساڵی 2019ـەوە ئەم کەیسە هەبووە و تاوەکو ئێستا کاریان لەسەر نەکردبوو. هەروەها لە 02-08-2025 فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچوو، بێ ئەوەی ئاگادار بم و بە غیاب حوکم درام. ئەی چۆن من لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا کە لەو شارە بووم دەستگیر نەکراوم؟ لە رێگەی فڕۆکەخانەوە کۆمەڵێک گەشتم کردووە، بۆچی دەستگیر نەکراوم؟ بۆیە کاتەکە و دەستگیرکردنەکەم جێگەی پرسیارە و سیاسییە."
کەیسی یەکەم لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد بوو، کە پێشتر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ بووە و دواتر وازی لەو جووڵانەوەیە هێناوە؛ دوای سێ جار لە دادگەییکردن، بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا. دوای ئەوە، بۆ کەیسی یەکەم شاسوار عەبدولواحید داوای کردووە کەیسەکە ببرێتە دادگەی پێداچوونەوە.
د. مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ کەیسی یەکەم، دادگەی سلێمانی چاوەڕێی بڕیاری دادگەی پێداچوونەوە دەکات، بۆ کەیسی دووەمیش بڕیارە لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، کە 03ـی تشرینی دووەمە."
شاسوار عەبدولواحید بۆ کەیسی دووەم بەپێی مادەی 2ـی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، براوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.
لە مادەکەدا هاتووە، هەرکەسێک تۆمەتەکەی بەسەردا ساخ ببێتەوە، "سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێک کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یان بە یەکێک لەم دوو سزایە."
شاسوار عەبدولواحید، یەکەم جار لە 12-08-2025 کاژێر 10:00ـی شەو لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیر کرا. لە دانیشتنی سێیەمی دادگادا لە رۆژی 02ـی ئەیلوول، بە پێنج مانگ بەندکردن سزا درا.