ناوچەی بازرگانیی ئازادی 'بانە و مەریوان' بە فەرمی کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ناوچەی ئازادی ئێران رایگەیاند، دەیەمین ناوچەی ئازادی بازرگانیی ئەو وڵاتە لە بانە و مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە فەرمی کراوەتەوە.
حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ناوچەی ئازادی ئێران رایگەیاند، پێشبینی دەکەن وەبەرهێنانێکی گەورە لە چەند ساڵی داهاتوودا لەلایەن وەبەرهێنەرانی رۆژهەڵاتی کورستان و هەرێمی کوردستان لەو ناوچەیەدا بکرێت.
ناوچەی ئازادی "بانە و مەریوان" رووبەرەکەی 3500 هێکتارە و دەکەوێتە باکووری دەروازەی بازرگانیی باشماخ.
حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی دەڵێت، ناوچەی بازرگانی ئازادی "بانە و مەریوان" گرینگییەکی تایبەتی بۆ کۆی ئابووریی ئێران هەیە و سەرۆککۆماریش بە هەستیارییەوە چاودێریی دەکات.
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی فەرمیی لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئەوانیش حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخانن، ئەمەش جگە لە چەند دەروازەیەکی لاوەکی.
دەروازەی بازرگانیی باشماخ لەگەڵ دەروازەی بازرگانیی حاجی ئۆمەران دوو دەروازەی گرینگ و فەرمیی هەرێمی کوردستانن لەگەڵ ئێران، ساڵانە چەندین ملیار دۆلار کاڵا لە رێگەی ئەو دوو دەروازیەوە لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت.
حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی، کە راوێژکاری سەرۆککۆماریشە، مانگی ئابی ئەمساڵ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "چوار ناوچەی ئازادی پەسندکراویان لە سنووری ئێران و عێراق هەیە کە یەکێکیان لە نزیک بەسرەی باشووری عێراقە و سێ ناوچە ئازادەکەی دیکە، کە ساڵی رابردوو رەزامەندییان بۆ دەرچووە، واتا میهران، قەسری شیرین و بانە - مەریوان، پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەیە."
عەبدولمەلیکی داواشی لە هەرێمی کوردستان کردبوو، کە بازاڕی ئازادی هاوبەش لەگەڵ ئێران بکەنەوە.