حیزبەکانی هەرێمی کوردستان دوایین کەرنەڤاڵی جەماوەری سازدەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵی دادگەری ئەمڕۆ و یەکگرتوو سبەی کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشە دەکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێش هەینی دوایین کەرنەڤاڵ ساز دەکەن. رەوتی هەڵوێست دەڵێت، "پارەکەمان داوە بە یانەی نەورۆز و کەرنەڤاڵ ناکەین."
 
"دوایین کەرنەڤاڵی پارتی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی"
 
رۆژی 5ی تشرینی دووەمی 2025 ئومێد خۆشناو، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی 7ی تشرینی دووەم، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن ساز دەکات.
 
باسی لەوەش کرد، "کەرنەڤاڵەکە دوای نیوەڕۆ دەستپێدەکات، چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە 50 هەزار کەس ئامادەی بن و پشتیوانی خۆیان بۆ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپات بکەنەوە."
 
جووڵانەوەی نەوەی نوێ بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی لە شاری سلێمانی ئاهەنگی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن سازدەکەن و پەیامێکی نوێی دەنگیی شاسوار عەبدولواحید لە زیندانەوە بڵاودەکرێتەوە.
 
رووداو قسەی لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی کرد، بێ ئاگایی خۆیان لە وادەی ئەنجامدانی دوایین کەرنەڤاڵی بانگەشەی حیزبەکەیان نیشاندا.
 
کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ 5ی تشرینی دووەم، بە بەشداری بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی حیزبەکە کەرنەڤاڵی جەماوەری لە خانەقین ئەنجام دەدات.
 
یەکگرتوو پێنجشەممە ئاهەنگی کۆتایی دەکات
 
محەممەد هاودیانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 6ـی مانگ یەکگرتووی ئیسلامی بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی دوایین کەرنەڤاڵی جەماوەری دەکات.
 
محەممەد هاودیانی لەبارەی پەیامی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووەوە گوتی، "مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین دوایین گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرنەڤاڵەکەدا پێشکێشی جەماوەری یەکگرتوو و خەڵکی کوردستان دەکات."
 
کۆمەڵ ئەمڕۆ کەرنەڤاڵی کۆتایی دەکات
 
شوان رابەر، سەرلیستی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ 5ـی تشرینی دووەم، کاژێر 3:00، لە هەولێر دوایین کەرنەڤاڵی جەماوەری ساز دەکەن.
 
لە کەرناڤاڵەکەدا، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و سەرجەم بەربژێرانیان ئامادە دەبن. شوان رابەر گوتی، "مامۆستا عەلی باپیر دوا گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرنەڤاڵە جەماوەرییەکەدا پێشکێش دەکات."
 
رەوتی هەڵوێست پارەکەی بەخشیوە و بەرەی گەلیش پارەی نییە
 
شادمان مەلا حەسەن، هەڵسووڕاوی بەرەی گەل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی دۆخی ئەمنی و ئابورییەوە بە دووری دەزانین بتوانین هیچ شتێک وەک کەرنەڤاڵ و ئاهەنگی کۆتایی بکەین.
 
ئیدریس محەممەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پارەی ئاهەنگی کۆتایی بانگەشەکەمان بەخشیوە بە یانەی وەرزشی نەورۆز، بۆیە هیچ چالاکییەکمان بۆ کۆتایی بانگەشە نابێت."
 
بانگەشەی هەڵبژاردن 
 
رۆژی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد کە بڕیارە 11ـی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت، بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 8ـی تشرینی دووەم بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت.