هەولێر؛ بەهۆی نەبوونی ئامێرێکەوە ژیانی نەخۆشێک لە مەترسیدایە

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک دەڵێت، دایکی جەڵتەی مێشک لێیداوە، مەترسیی لەسەر ژیانی هەیە و لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت چارەسەری هەیە و داوای هاوکاری دەکات، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی رزگاری دەڵێت، "ئەو نەخۆشە پێویستی بە قەستەرەی مێشکە و لە نەخۆشخانەی رزگاری ئامێری ئەو نەشتەرگەرییەمان نییە."
 
پەیمان حەمەدئەمین، هاونیشتمانییەکی خەڵکی هەولێرە و پەیوەندی بە رووداو کردووە و دەڵێت، "نزیکەی پێنج رۆژە دایکم جەڵتەی مێشک لێیداوە و لەدۆخێکی زۆر سەخت دایە، مەترسی لەسەر ژیانی هەیە و دەبێت بە زوویی نەشتەرگەری بۆ بکەین."
 
ئەو هاونیشتمانییە بە رادیۆی رووداوی گوت، "دایکم تەمەنی شەست ساڵە، پێنج رۆژە جەڵتەی مێشک لێیداوە، تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە. ئێستا لە نەخۆشخانەی رزگارییە و دەبێت بەزوویی نەشتەرگەری بۆ بکەین، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو نەشتەرگەرییە لە نەخۆشخانەی ئەهلی هەیە ئێمەش ناتوانین و پارەی ئەو نەخۆشخانەیەمان نییە."
 
پەیمان دەڵێت، "تەنیا برایەکم هەیە و ئەویش کرێکارە و لە خانووی کرێدا دەژی، توانای تێچووی ئەو نەشتەرگەرییەمان نییە کە نزیکەی دەفتەر و نیوێک بۆ دوو دەفتەری تێدەچێت و لەنەخۆشخانەیەکی ئەهلی دەکرێت."
 
بە گوتەی ئەو خانمە، پزیشکەکەی دایکی دوو رۆژە پێیان دەڵێت، "زوو فریای دایکتان بکەون و نەشتەرگەری بۆ بکەن بۆ ئەوەی ئەو خوێنبەربوونەی لەسەر مێشکی دروستبووە لاببرێت، ئەگینا ژیانی لە مەترسیدایە، لەرێگەی رووداوەوە داوای هاوکاری و بەدەمەوەچوون دەکات."
 
سەعد کەمال، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت، "ئەو نەخۆشە لە نەخۆشخانەی رزگارییە و پێویستی بە قەستەرەی مێشکە، بەڵام ئێمە ئەو ئامێرەمان نییە و ناتوانین هیچی بۆ بکەین، دەبێت لە نەخۆشخانەی تایبەت ئەو کارە بکرێت."
 
هاوکات، سامان سلێمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی گوت، "ئێمە ئەو ئامێرەی بۆ ئەو نەشتەرگەرییە پێویستە نیمانە و تەنیا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان هەیە."