شارەوانیی سنە شوێنی کارکردنی دەستفرۆشەکان تێکدەدات

رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی شارەوانیی سنە شوێنی کارکردنی بەشێک لە دەستفرۆشەکانی ئەو شارە تێکدەدەن و دەستفرۆشەکان دەڵێن، زیانی زۆریان پێگەیشتووە.
 
هێزەکانی شارەوانیی سنە رۆژی سێشەممە، شوێنی کارکردنی دەستفرۆشەکانی شەقامی 12ـی رێبەندانی شارەکەیان رووخاند. 
 
دەستفرۆشێک کە ڤیدیۆی تێکدانی شوێنی کارکردنیانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، کاژێر چواری بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 05-11-2025 کاتێک کە هیچکام لە دەستفرۆشەکان لە شوێنی کارکردنیان نەبوون، هێزەکانی شارەوانی چوون شوێنی کارکردنیان تێکداون و زیانی 200 ملیۆن تمەنیان بە هەر یەکێکیان گەیاندووە.
 
بە گوتەی ئەو دەستفرۆشە، ئەوان لەسەر شەقام نەبوون، بەڵکو لەسەر پێیانەڕێ (شۆستە) کەلوپەلیان داناوە و ئەو کارە سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی ژیانیان بووە.
 
دەستفرۆشەکانی ئەو شەقامە کە زیاتر میوە و سەوزە دەفرۆشن، بە دار و ئاسن شوێنیان دروست کردبوو بۆ فرۆشتنی میوە و سەوزە. شارەوانی پێشتر داوای لێکردبوون ئەو شوێنە چۆڵ بکەن.
 
شارەوانیی سنە تاوەکو ئێستا روونکردنەوەی لەبارەی تێکدانی شوێنی دەستفرۆشەکان نەداوە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا لەو شارە شوێنی کارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە دەستفرۆشەکان تێکدراوە. دەستفرۆشەکان پێشتر رایانگەیاندووە، شارەوانی دەیەوێ سەرشەقامیان بە کرێ پێ بدات و تەنیا لەو شوێنانە بن، کە بۆیان دیاری بکرێت.