لە باشماخ دەست بەسەر 65 هەزار لیتر سووتەمەنیی قاچاخدا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک دەروازەی سنووریی باشماخی پارێزگای سنە، دەست بەسەر بڕێکی زۆر بەنزینی قاچاخدا گیرا، فەرماندەی پۆلیسی یەکەی چاودێریی گومرگی سنە دەڵێت، پەیوەست بە دۆسیەکە دەست بەسەر 5 ئۆتۆمبێلیشدا گیراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2025، پەرویز پوورخەزایی، فەرماندەی پۆلیسی یەکەی چاودێریی گومرگی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، تیمەکانیان لەکاتی پشکنیندا لە نزیک سنووری باشماخ، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پاسەوانی سنوور، دەستیان بەسەر 65 هەزار لیتر بەنزینی قاچاخدا گرتووە.
بەگوتەی پەرویز پوورخەزایی، پەیوەست بە دۆسیەکە سێ کەس دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر پێنج ئۆتۆمبێلدا گیراوە.
دەروازەی سنووریی باشماخ دەکەوێتە نێوان قەزای پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی و شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان.