لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە لوڕستان دوو کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری پۆلیسی هاتووچۆی لوڕستان دەڵێت؛ لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە شاری خوڕەمئاوا دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2025، عەلی سەیفی، جێگری پۆلیسی هاتووچۆی لوڕستان رایگەیاند رووداوەکە لە رێگەی دانشجو لە شاری خوڕەمئاوا روویداوە، ئۆتۆمێلێکی جۆری پیژو 405 خۆی بە ستوونێکی کارەبادا کێشا و بەو هۆیەوە دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لە دەستداوە.
 
بە گوتەی جێگری پۆلیسی هاتووچۆی لوڕستان، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام ئەو دوو کەسە هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لە دەستداوە.
 
عەلی سەیفی هۆکاری رووداوەکەی بۆ خێرالێخوڕین گەڕاندەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێک کە  دادپزیشکیی ئێران بڵاویکردووەتەوە،  لە 21-3-2025 تاوەکو 21-9-2025، 10 هەزار و 414 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 202 هەزار و 145 کەسیش بریندار بوون.