فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی: لە مانگی داهاتووەوە هەفتانە 16 گەشتی چوون و هاتنمان بۆ تورکیا دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مام جەلال) دەڵێت، گەشتەکانیان بۆ تورکیا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە لە 8 گەشتی ئێستاوە بۆ 16 گەشتی هەفتانە زیاد دەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "دوو هێڵی ئاسمانین گەشتەکان دەکەن."
ئەمڕۆ چوارشەممە 05-11-2025 دانا محەممەد، گوتەبێژی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا لە هەفتەیەکدا 4 رۆژ گەشتی هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێیەرلاینمان هەیە؛ گەشتەکان چوون و هاتنن. لە 03-12-2025یشەوە هەفتەی چوار رۆژ هێڵی ئەی جێتمان دەبێت؛ ئەویش هاتن و چوونە."
تورکیا لە 3ی نیسانی 2023 ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکە، وەکو تورکیا ئاماژەی پێدەکرد.
رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2025 و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە رەزامەندی و راسپاردەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا.
رۆژی 03-11-2025 فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێیەرلاینز بە 120 گەشتیارەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی نیشتەوە.
لەبارەی گەشتی هەفتانەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەگشتی، دانا محەممەد دەڵێت، "تازە بە رووی دنیادا کراوینەتەوە و ئەو گەشتانەی پێشتر هەمانبوون، وەک گەشتەکانی هێڵی شاهانەی ئوردنی، هێڵی ئاسمانیی عێراقی، هێڵی قەتەری و فلای دوبەیمان هەبوون و ئێستاش بەردەوامن."
لەبارەی خۆڕێکخستنەوەی هێڵە ئاسمانییەکانەوە، گوتەبێژی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گوتی، "لە رووی لابردنی قەدەخەی هاتووچۆوە تازەین و تاوەکو کۆمپانیاکانیش خۆیان رێک دەخەنەوە و فڕۆکە دابین دەکەن، گرووپی نێو فڕۆکە ئامادە دەکەن، کاتی دەوێ."
سەبارەت بە رێککەوتن و گەشت بۆ رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان، دانا محەممەد گوتی، "بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت کرماشان خەریکی گفتوگۆین. ئێمە دامەزراوەیەکی جێبەجێکارین. هەر کۆمپانیایەک رێکارە یاساییەکان تەواوبکات و بیەوێ گەشتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بکات، کارئاسانی بۆ دەکەین و هاوکاری دەبین."
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.