سیروان بارزانی: هەنگاریا پابەندبوونی خۆیان لە پشتگیریکردنی شەڕ دژی داعش دووپاتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی دانووب لە هەنگاریا بوون؛ ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، بەرپرسانی هەنگاریا پابەندبوونی خۆیان بۆ بەردەوامیی پشتگیری لە شەڕی دژی داعش دووپاتکردەوە.
شاندەکە بە فەرمی و بۆ بەشداربوون لە لوتکەی دووەمی دانووب سەردانی هەنگاریان کردووە، لە لووتکەکە گفتوگۆ لەبارەی "جیۆپۆلۆتیک، ئاسایش و بەرگری" دەکرێت.
سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری گوێڕ - مەخمووری پێشمەرگە کە ئەندامێکی شاندەکەیە، رۆژی دووشەممە 05-12-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە سەرۆکایەتیی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کورستان وەکو شاندێک بەشداربووین لە لووتکەی دانووب، لووتکەکە رۆژی 1-12-2022 دەستیپێکرد و سێ رۆژی خایاند.
سیروان بارزانی دەڵێت، دوای لووتکەی دانووب چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانی هەنگاریا کردووە، سەردانەکەشیان تەنیا بۆ هەنگاریا بووە و سەردانی وڵاتی دیکە ناکەن.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتی: "لە سەردانەکەماندا دیداری گرنگمان لەگەڵ بەرپرسانی هەنگاریا هەبوو؛ ئەوان پابەندبوونی خۆیان بۆ بەردەوامیی پشتگیری لە شەڕی دژی داعش دووپاتکردەوە."
شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ هەنگاریا پێکهاتبوون لە جەعفەر شێخ مستەفا؛ سیروان بارزانی؛ لیوا بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە؛ عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە و جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری.