بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی هەسەدە: هێزێک بچێتە نێو سوپا و هێزێک ببێتە هێڵی بەرگریی خۆجێیی
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی کۆمیسیۆنی چارەسەری لەبارەی چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتوویەتی، دەکرێ هەسەدە ببێتە دوو هێز: هێزێک بچێتە نێو سوپای سووریا و هێزێکی دیکەش هێڵی بەرگریی خۆجێیی پێک بێنێت.
ئەمڕۆ هەینی 5ـی کانوونی یەکەمی 2025، گوڵستان کڵچ کۆچیگیت، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا لەبارەی نێوەڕۆكی دیدارەکەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان قسەی بۆ میدیایەکی تورکیا کرد.
کۆچیگیت دیدارەکەی ئیمراڵی بە "تۆمارکردنی پرسی کورد وەک کێشەیەکی سیاسی" ناوبرد و گوتی، بەو دیدارە پێگەی ئۆجەلان وەک کاراکتەرێکی سیاسی جەختی لێکرایەوە.
ئەوەی پەیوەندی بە پرسی رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە هەیە، کۆچیگیت رایگەیاند، ئەو کۆنووسەی لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیاوە دراوەتە ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە هەموو بۆچوونەکانی ئۆجەلانی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا تێدا نییە و گوتی، قسەکانی تایبەت بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، هەسەدە و یەپەگە "بە رادەیەکی زۆر باسیان نەکراوە."
گوڵستان کڵچ کۆچیگیت گوتی، ئۆجەلان "پێی وابوو دەکرێ هەسەدە بکرێتە دوو هێز. بەشێکی تێکەڵی سوپای سووریا بێت و ئەوی دیکەی بەردەوام بێ لە دابینکردنی ئاسایشی خۆجێیی."
گوڵستان کڵچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆجەلان گوتی: "ئەگەر سیستم لە سووریا ببێتەوە دیکتاتۆرییەت، بێگومان هێزە کوردییەکان نابنە بەشێک لەو دیکتاتۆرییەتە."
ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان گوتی، هەڵسەنگاندنی ئۆجەلان لەبارەی سووریا زۆر فراوان بوو و گوتی، "پێویستە سووریا دیموکراسی بێت؛ گوتی باس لەوە دەکرێ کە شەرع گۆڕاوە، بەڵام ئەگەر ئەو گۆڕانە دیموکراسی نەبێ، شەرعیش دەبێتە دیکتاتۆر و جارێکی دیکە ئازار بۆ سووریاییەکان دەهێنێت. لە دەقە کورتکراوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بەمانە نەکراوە."
لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، گوڵستان کڵچ کۆچیگیت گوتی، ئۆجەلان "دەڵێت هێزی سەربازی دەتوانێت تێکەڵی سوپا بێت و جگە لەوەش، ناوچەکە دەتوانێت هێزی ئاسایشی خۆی هەبێ. تەنانەت لەکاتی باسکردنی ئەمەدا گوتی "پێموایە لە تورکیا پاسەوان هەیە". مەبەستی ئەوەیە، هێزێک دەچێتە نێو سوپای ناوەندی و هێزێکی دیکەش هێڵی بەرگریی خۆجێیی پێکدەهێنێت و ئاسایش دابین دەکات."
گوڵستان کڵچ کۆچیگیت رایگەیاند، ئەوان کە لە دیدارەکەی ئیمراڵی گەڕانەوە کۆنووسێکی 16 لاپەڕەییان ئامادە کرد کە هەر 3 ئەندام واژۆیان لەسەر کرد و رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا و رایگەیاند: "هیچ بەشدارییەکمان لەم کۆنووسە نوێیەدا نییە کە وەک پوختە ناوبراوە و هیچ واژۆشمان لەسەری نییە. ئێمە پێمانوابوو کە پێویستە ئەو 16 لاپەڕەیە بۆ کۆمیسیۆن و رای گشتی ئاشکرا بکرێ. دەتوانین بڵێین ئەو بەشەی لە کۆنووسە واژۆکراوەکەی ئێمە دەریانهێناوە، دوورە لە گواستنەوەی رووح و هەموو بۆچوونەکانی بەڕێز ئۆجەلان."