زاگرۆسانە؛ هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ بووژاندنەوەی سییەکانی کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ 

بۆ حەوتەم ساڵ لەسەریەک، زنجیرە چیاکانی زاگرۆس دەبنەوە بە گۆڕەپانی هەڵمەتێکی ژینگەیی بەرفراوان. هەڵمەتێک کە سنورەکان دەبەزێنێت، لە باشوور، باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانەوە دەستپێدەکات.
 
ئەم ساڵ، چەخماخەی یەکەم قۆناخی ئەم پرۆسە 25 رۆژییە، لە قەدپاڵی چیاکانی قەرەداخ لە سلێمانییەوە لێدرا، بە ئامانجی ناشتنی هەزاران بەڕوو و پاراستنی سرووشتی کوردستان.
 
شۆخان میرزا، یەکێکە لە بەشداربووانی چالاکییەکە بە رووداوی گوت: "دوو هەڤاڵی رۆژنامەنووسم شەهیدبوون کە زۆر عاشقی زاگرۆس بوون، بۆیە بە رۆحی ئەوانەوە بەڕووەکانم روواند. بێگومان لەناو ئەم سرووشتەدا سەوز دەبن و هیوایەکی دیکە دەبن بۆ ئازادی و خۆبوون، جارێکی دیکە لە چیاکانی زاگرۆس و کوردستانەوە شین دەبنەوە."
 
دارستانەکانی هەرێمی کوردستان ساڵانە رووبەڕووی مەترسیی جیدی دەبنەوە، لە سووتانی بەردەوام و دەستدرێژی مرۆڤەوە بۆ گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوا، هەموو ئەمانە وایکردووە کە شاخەوانان و ژینگەدۆستان بە ئەرکێکی رەوشتی و نیشتمانییەوە بێنە گۆڕەپانەکەوە. بۆ ئەوان، ناشتنی هەر بەڕوویەک، وەبەرهێنانە لە داهاتوویەکدا کە لەوانەیە خۆیان نەیبینن، بەڵام نەوەکانی داهاتوو لە سێبەرەکەیدا پشوویەک دەدەن.
 
ژیان سابیر، شاخەوانە و دەڵێت: "کاتێک هەر دارێک دەڕوێنم خۆشحاڵ دەبم، چونکە دەزانم رۆژێک دێت لەبن سێبەرەکەیدا پشوویەک دەدەم."
 
موحسین حەسەن، شاخەوانێکی دیکەیە ئاماژە بەوە دەدات، سەوزکردنی کوردستان بە ماندووبوونی رۆژێک و دوو رۆژ و سێ رۆژ نابێت، بەڵکو زۆر لەوە زیاتر ئەرکیانە و پێویستی بە بەردەوامی هەیە.
 
ئەم هەڵمەتە لەلایەن تۆڕی "زاگرۆسانە"وە سەرپەرشتی دەکرێت، کە وەک تۆڕێکی هەرەوەزی نیشتمانی کار دەکات. لە یەکەم ڕۆژی چالاکییەکەدا نزیکەی 10 هەزار بەڕوو لە باوەشی خاکدا شاردرانەوە. رێکخەرانی هەڵمەتەکە کارەکەیان بە رۆڵی سرووشتیی "سمۆرە" دەچوێنن، کە بە شاردنەوەی بەڕووەکان دەبێتە هۆی فراوانبوونی دارستانەکان.
 
سەروەر قەرەداخی، رێکخەری تۆڕی زاگرۆسانەیە، ئەوەی خستەڕوو، زاگرۆسانە هەڵمەتێکی هەرەوەزی نیشتمانی ژینگەییە کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لەڕاستیدا ئەمەی دەیکەن "هەمان رۆڵی سمۆرەیە کە لە دارستاندا دەیگێڕێت"، لە رۆژەکانی دیکەشدا تاوەکو 25 رۆژی داهاتوو بەردەوام دەبن.
 
چاندنی ئەم هەزاران بەڕووە کۆتایی چیرۆکەکە نییە، بەڵکو تەنیا دەستپێکە بۆ قۆناخی چەکەرەکردن و گۆڕانیان بۆ داربەڕووی گەورە لە چیا سەختەکانی کوردستاندا. ئامانجی سەرەکی لەم هەوڵە، زیندووکردنەوە و پاراستنی سییەکانی کوردستانە بۆ ئەوەی زاگرۆس هەمیشە بە سەوزی بمێنێتەوە.