پۆلیس و ئاسایشی کۆیە بەدوای ئەوانەدا دەگەڕێن کە گۆڕی کریستیانەکانیان شێواندووە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای کۆیە دەڵێت، بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارانی شکاندنی گۆڕی کریستیانەکانی گوندی هەرمۆتە، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
لە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، ژمارەیەک گۆڕی کریستیانەکان شێوێندران و ناڕەزایی بەشێکی هاونیشتمانییان، کریستیانەکان، حکومەت و حیزبەکانی لێکەوتەوە.
تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "17 گۆڕ کێلەکانیان شکێندراوە و شێوەێندراون، بەڵام هیچیان هەڵنەدراونەتەوە".
دوێنێ د. هاوژین سلێوە، مامۆستای زانکۆی کۆیە و کەسایەتی کریستیان لە سنوورەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی دژی گۆڕەکان کراون لە کاری گرووپ دەچێ، پێدەچێت شەوی رابردوو ئەوە کرابێ، ئەوەی کراوە لە مێژووی باب و باپیرانمان نەماندیوە".
لەبارەی تۆمەتبارانی رووداوەکەوە قایمقامی کۆیە دەڵێت: "خۆم ئێستا لە گوندی هەرمۆتەم، هێزی ئاسایش و پۆلیس لێرەن و لێکۆڵینەوەی ورد دەکەن بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران".
دوێنێ نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو کارە نابەجێ و تێکدەرانە دەکەین کە لە قەزای کۆیە دژی چەند گۆڕێکی خوشک و برا کریستیانەکان کراوە."
پێکەوەژیانی پێکهاتە و ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان یەکێک لەو رووانەی هەرێمی کوردستان شانازی پێوەدەکات و چەندین جاریش لەلایەن بەرپرسانی وڵاتانەوە پشتیوانی لەو پێکەوە ژیانە کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ تۆمەتبارێکی رووداوەکە دەستگیر نەکراوە. قایمقامی کۆیە ئاماژەی بەوەکرد، گۆڕستانەکە نۆژەن دەکرێتەوە.
ئایینەکانی ئیسلام، کریستیان، ئێزدی، کاکەیی، جوو، بەهایی، زەردەشتی و سابیئەی مەندایی، ئەو هەشت ئایینەن لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی تۆمارکراون؛ زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئایینی ئیسلام پەیڕەو دەکەن.