شێخان.. شۆفێرێك بەتۆمەتی داعشبوون دەستگیردەكرێت
رووداو- شێخان
لە گوندێكی سەر بە ناحیەی قەسرۆك لە قەزای شێخان شۆفێرێكی بارهەڵگری تورك بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوی داعش دەستگیردەكرێت. ئەو شۆفێرە ژیاننامەی (محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام)ی پێبووە لەشێوەی ناسنامەدا.
كاژێر 08:00 ی ئەمشەو، لە گوندی پێساتی سەر بە ناحیەی قەسرۆك لە قەزای شێخان، شۆفێرێكی بارهەڵگری تورك بەناوی (م.ع) لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كێڵگەكانی نەوت دەستگیركراوە، بەهۆی ئەوەی ژیاننامەیەی پێغەمبەری ئیسلامی پێبووە، كە لەشێوەی ناسنامەدا لەلایەن ئەو رێكخراوەوە چاپكراوەو ناو و ئارمی رێكخراوی داعشی لەسەرە.
سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پاراستنی كێڵگە نەوتییەكانی ئەو ناوچەیە بە رووداوی گوت، ئەو شۆفێرە لە سەرەی یەكێك لە كێڵگەكان پێش ئەوەی بچێتە نێو كێڵگەكەوە دەستگیركراوە.
سەرچاوەكە گوتیشی:" ئەو كەسەی دەستگیركراوە شۆفێری كۆمپانیایەكی توركییە كە لەو ناوچەیە نەوت دەگوازنەوە، زۆر شتی پێبوون كە دەیسەلمێنێت دەستی لەگەڵ چەكدارانی داعش هەبووە، دوای دەستگیركردنیشی رادەستی هێزە ئەمنییەكانی دهۆك كرا بە مەبەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی زۆرتر لەگەڵی". بەڵام ئەگەر لەو بەڵگەیە ورردبیتەوە كە شۆفێرەكەی پێ تۆمەتباركراوە، دەردەكەوێت كە بە زمانی توركی ناسنامەی (محەممەد د.خ) لەسەرە، وەك ناوی سیانی و شوێنی لەدایكبوون و ناوی دایكی.
گوندی بێساتی دەكەوێتە روژهەڵاتی ناحیەی قەسرۆك لە قەزای شێخان و نزیكەی 45 كیلۆمەتر لە شاری موسڵ دوورە، كۆمپانیایەكی بەریتانی كاری دەرهێنانی نەوت لەو ناوچەیە دەكات.