کادیرەکانی پارتی و یەکێتی ئازادکران

رووداو-سلێمانی

سەرخێڵ ئەكبەر رۆستەم كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان کە چەند رۆژ پێش ئێستا لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە گەرمیان دەستگیرکرابوو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئازادکرا، هەروەها پێشڕەو وەیسی، کادیری یەکێتی کە لەبەرامبەر دەستگیرکردنی کادیرەکەی پارتی دەستگیرکرابوو ئەویش ئازادکرا.

هاوکار یاسین، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: "سەرخێڵ ئەكبەر رۆستەم ئازادکراوە و پێش ئەوەی بچێتە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی، لەسەر داوای کۆسرەت رەسول، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی سەردانی کردووە و دواتر هاتووەتە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی".

ئازادکردنی کادیرەکانی پارتی و یەکێتی دوای ئەوە هات کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، بەشێوەیەكی زۆر تووند هەڵوێستی نواندووە سەبارەت بە گرتنی كادیرانی پارتی و یەكێتی بەبێ بڕیاری دادگا و بەشێوەیەكی نایاسایی و ، داوای لە لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری و عیسمەت ئەرگۆشی بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كرد كە دەستبەجێ ئەو دوو كادیرە ئازاد بكرێن.
 
سەرخێڵ ئەکبەر رۆستەم، ئەندامی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لەدوای ئازادکردنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆم، لە 10-12-2018 ئاگادارکردنەوەیەکم لە بنکەی پۆلیسی سەرقەڵا پێگەیشت. من، بەپێی خۆم چوومەتە بنکەکە، دواتر چوومەتە دادگا، لەوێ بۆ ماوەی چەند رۆژێک تەوقیفکرام  لە 10 تاوەکو 26ـی مانگ، لە کاتی دەستبەسەرکردنەکەم گواسترامەوە دادگای سلێمانی، لەوێ دووبارە دەستبەسەرکرام، سوپاس بۆ خوا کێشەکەم کۆتایی پێهات. سوپاس بۆ هەموولایەک ئەرکیان کێشاوە لەو بابەتەی مندا".

لەبارەی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانیش لەگەڵی، ئەندامەکەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "(مامەڵەیان) زۆر باش بوو هیچ کێشەیەک نەبووە".